عێراق: لە ماوەی چوار مانگدا، نزیکە 26 هەزار جیابوونەوە ژن و مێردان تۆمار کراوە

لەمساڵدا 20 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراق تۆمارکراون
لەمساڵدا 20 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراق تۆمارکراون

دووشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2024،  فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیجیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2024دا 25 هەزار و 536 حاڵەتی جیابوونەوەی نێوان ژن و مێردان تۆمار کراوە.

غەڕاوی، لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاشکرای کرد، لە مانگی یەکدا، حەوت هەزار و 453 حاڵەتی جیابوونەوە "طلاق" تۆمارکراوە. مانگی ئایاریش شەش هەزار و 222 حاڵەت، لە مانگی نیسانیشدا، پێنج هەزار و 537 حاڵەت کەیسەکانی جیابوونەوە تۆمارکراوە.

غەڕاوی، ئاماژەی بەوەدا کە ڕێژەی جیابوونەوە لە هاویندا بەراورد بە وەرزەکانی دیکە زیاد دەکات و بەپێی توێژینەوە زانستییەکان بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەستکردن بە دەمارگیری و گرژی زۆرتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە. ئەوەشی خستە ڕوو، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و مرۆڤەکان تووشی ناهاوسەنگیی دەروونی دەکات، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر سۆزداری و هاوسەرگیری دەبێت.

غەڕاوی، ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگترین هۆکارەکانی زیادبوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە بریتین لە نەبوونی کولتووری هاوسەرگیری و نەبوونی لێکگەیشتن لە نێوان هاوژینان، جگە لە توندوتیژیی خێزانی، دەستێوەردانەکانی خێزان و هاوڕێیان، زەماوەندی پێشوەختە، بارودۆخی ئابووری، ڕێژەی زۆری ناپاکیی هاوژینان، خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکان، لاوازی سیستەمی بەها کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و بوونی زیاتر لە خێزانێک لە یەک ماڵدا، کە کێشەکان زیاد دەکات.

غەڕاوی، داوای لە حکوومەت کرد کە هەڵمەتی هۆشیاریی نیشتمانی بە هاوکاری لەگەڵ چالاکییە ئایینی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مێدیاکان دەست پێ بکات، بۆ کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە.

هەروەها داوای لە حکوومەت کرد خانووی نیشتەجێبوون یان زەوی کە بە قەرزی بێ سوود پاڵپشتی دەکرێت، بۆ هاوسەرانی تازە هاوسەرگیری بە نرخێکی کەم دابین بکات و هەلی کار بۆ کەمکردنەوەی کێشەی بێکاری و نیشتەجێبوون دابین بکات.