سوپاى توركيا: 25 چه‌كدارى كورد كوژراوون

سوپاى توركيا رايگه‌ياند، له‌ ئاكامى بۆردومانكردنى باره‌گاكانى يه‌په‌گه‌ له‌ باكوورى سووريا 25 چه‌كدارى كورد كوژراوون.

K24 – هه‌ولێر:

سوپاى توركيا رايگه‌ياند، له‌ ئاكامى بۆردومانكردنى باره‌گاكانى يه‌په‌گه‌ له‌ باكوورى سووريا 25 چه‌كدارى كورد كوژراوون.

هێرشى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان (باكوورى سووريا)، پێى نايه‌ رۆژى پێنجه‌مييه‌وه‌.

سوپاى توركيا پشتيوانى سه‌ربازى ميليشيا ئيسلامييه‌كانى به‌رهه‌ڵستكارى سوورياى كرد بۆ ئه‌وه‌ى دواى پاشه‌كشێى داعش له‌ جه‌رابلووس ده‌ست به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا بگرن.

له‌ دوو رۆژى رابردوودا دانيشتوانى شارى كوبانێ له‌ شاره‌كه‌يان ده‌ركه‌وتوون و شوورايه‌كى مرۆييان درووستكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌ له‌ تانك و زرێپۆشه‌كانى سوپاى توركيا بگرن، كه‌ ده‌يه‌وێت رووه‌و كوبانێ پێشڕه‌وى بكات.

سوپاى توركيا رايگه‌ياند، ئه‌و چه‌كداره‌ كوردانه‌ له‌ جه‌رابلووس كوژراوون.

هه‌روه‌ها گوتى: سوپا هه‌موو پارێزێك ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى مه‌ده‌نييه‌كان نه‌بنه‌ ئامانج.

روانگه‌ى سووريا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ ئه‌وه‌ى راگه‌ياندووه‌، له‌ ئاكامى هێرشى توركيا بۆ سه‌ر هێزه‌كانى هاوپه‌يمان و دۆستى كورد له‌ باكوورى سووريا 35 هاووڵاتى گيانيان له‌ده‌ستداوه‌.

ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازييانه‌ كه‌ لايه‌نگرى كوردن ئه‌وه‌يان پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هيچ هێزێكى كورديى له‌ ناوچه‌كه‌دا نييه‌ تاوه‌كو سوپاى توركيا بۆردومانى بكات.

سه‌رچاوه‌: رۆيته‌رز