نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری بەردەوامە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری بەردەوامە و تیمەکانی شارەوانی و پارێزگای ھەولێر لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیایەی تەندەری پرۆسەی نۆژەنکردنەوەیان وەرگرتووە، سێ شەفت کار دەکەن بە ئامانجی ئەوەی بەزووترین کات کاری نۆژەنکردنەوە تەواو بکرێت و کاسبکارانی بازاڕەکەش بگەڕێنەوە سەر کەسابەتی خۆیان.

لەلایەن خۆیەوە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ھەموو ھەوڵێک دەدەین لە پێش کاتی خۆی پڕۆسەی نۆژەنکرنەوەی بازاڕی قەیسەری تەواو بکرێت.

ڕۆژی (23ـی حوزەیرانی 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد: "ئەنجامدەری سووتانی بازاڕی قەیسەری دەستگیر کراوە و لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواوی چیرۆکەکە بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا دەکەین".

شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد، بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.

گوژمەی تەخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینارە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاوکاریکردنی کاسبکاران لە پارەی زبڵ و خاشاک، تابلۆ و باجی 50% بۆ ساڵی 2023 و 100% بۆ ساڵی 2024 خۆشبووە.