وەزارەتی پێشمەرگە بۆ هاوپەیمانان: چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە پرۆژەیەکی نیشتیمانیە بۆ هێزی پێشمەرگە

کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان
کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان

وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، پڕۆژە یاسای چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە پرۆژەیەکی نیشتیمانیە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئامانجی بنیادنانی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی گۆشکراوە بە بیروباوەڕە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان.

سێشەممە (25ـی حوزەیرانی 2024)، لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی عەبدولخالق بابیری بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان، لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتی و ڕاوێژکاری وەزارەتی پێشمەرگە، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە،  لەگەڵ کۆڵۆنێڵ مەکێنزی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، هاوکات ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا، هەڵسەنگاندنی مانگانەیان بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کرا.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا، هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی برگە و خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرا و جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە بە پێی پلانی ستراتیژی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان کرا.

ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتیان کردەوە کە پلانی وەزارەت بۆ قۆناغی ئێستای هێزی پێشمەرگە هەڵگرتنی ئەرک و بەرپرسیارییەتیە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەپرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان و ئاماژە بەوەشدرا، پڕۆژە یاسای چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە پرۆژەیەکی نیشتیمانیە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئامانجی بنیادنانی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی گۆشکراو بە بیروباوەڕە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانە و بەردەوام بوونیشیان لەسەر هەنگاوەکانیان دووپاتکردەوە بۆ ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی تەواوی هێزە جیاوازەکان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

لەلایەن خۆیانەوە، تیمی ڕاوێژکارانی  هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، دڵخۆشی خۆیان بەهەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە نیشاندا و رڕایانگەیاند، بەگرنگیەوە لە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم دەڕوانن بۆ جێبەجێکردنی برگەکانی یاداشتنامەکە، هاوکات ئاماژەیان بەوەدا کە بەهاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە دەتوانن خێرایی بە پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە و پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان بدەن.