هێمن سه‌ید موراد: کابینەی نۆیەم بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی مسۆگەر کرد

هێمن سه‌ید موراد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كشتوكاڵی هه‌ولێر
هێمن سه‌ید موراد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كشتوكاڵی هه‌ولێر

K24 – هەولێر:

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كشتوكاڵی هه‌ولێر، دەڵێت: بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران یەکێک لە کارە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، هەروەها ئەو سیاسەتە حەکیمانەی کە ئەم کابینەیە پەیڕەوی کردووە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵی 100% سەرکەوتوو بووە.

هێمن سه‌ید موراد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كشتوكاڵی هه‌ولێر، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: خاکی هەرێمی کوردستان خاکێکی بە پیت و بەرەکەتە، بۆ ئەوەی سەرچاوەی ئاوی مسۆگەر هەبێت بە سوپاسەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پۆند و بەنداوی دروست کردییە لە سەرتاپای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەنداوی چەمرگە کرایەوە کە سەرچاوەیەکی مسۆگەری ئاوە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان و سامانی ئاژەڵیش تێیدا پەرە دەسێنێت، بۆ کەرتی کەشتوگوزاریش سوودی هەیە.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كشتوكاڵی هه‌ولێر، دەڵێت: بەداخەوە لە ساڵانی پێشوو جووتیاران بە نیگەرانییەوە دەیانڕوانییە بەرهەمەکانی خۆیان، کاتێ بەرهەمیشیان پیڕادەگەیشت دڵنیانەبوون ئایا بە بازاڕ دەکرێت، بەڵام کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کێشەیەی چارە کرد و ئێستە جووتیاران بە گەشبینییەوە دەڕواننە بەرهەمەکانی خۆیان و دەزانن بەرهەمەکانیان دەرفەتی بەبازاڕکردنی مسۆگەری هەیە.

ناوبراو باسی لە گەنمی جووتیاران کرد و ئاماژەی بەوە دا، پێشتر حکوومەتی عێراق نزیکەی 110 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێم وەردەگرت، بەڵام ئەم ساڵ بە پێداگیری و سیاسەتە حەکیمەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 228 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەولێر وەردەگیرێت.

هاوکات گوتی: پێشتر ئێمە لە هەولێر تەنیا یەک سایلۆمان هەبوو، کە نەدەتوانرا ڕێژەیەکی زۆر لە گەنمی جووتیاران وەربگرێت، بەڵام ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سایلۆی قوشتەپەی کردەوە کە توانای بە کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە، سایلۆکە بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتیی دروست کراوە.

لەبارەی بازاڕی عەلوەی هەولێر، هێمن سه‌ید موراد، ڕایگەیاند، رۆژانە زیاتر لە 400 بارهەڵگر لە عەلوەی هەولێر بەرهەمی جووتیاران باردەکەن و هیچ ڕێگرییەک بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانمان نەماوە، هەروەها بازنەی بە بازاڕکردنەکەش زۆر فراوان بووە، پارساڵ زیاتر لە 12 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتەمان ڕەوانەی وڵاتانی کەنداو کرد.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، بەرهەمی هەنگوین، سێو و هەنار لە وڵاتانی کەنداو و ئەورووپا خواستێ زۆری لەسەرە، بەردەوام بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان سەرنجی وڵاتانی جیهانی بۆخۆی ڕاکێشاوە.

جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەو سیاسەتە حەکیمانەی کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی کردووە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵی 100% سەرکەوتوو بووە، بەرهەمی جووتیارانیش پێداویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە.

سەبارەت بە زەوی کشتوکاڵییەکانی جووتیاران، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كشتوكاڵی هه‌ولێر، هێمای بۆ ئەوە کرد، ئێستە خەڵكێکی زۆر وابەستەی زەوییەکانی خۆیان بوونە، پێشتر زەوی کشتوکاڵی ئەوەندە گرنگی پێنەدەدرا، بەڵام لەم کابیەنەیەدا پشتگیرییەکی زۆر لە پڕۆژەی وەبەرهێنانی پیشەسازی و کشتوکاڵی دەکرێت، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ.

ناوبراو گوتیشی: تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 16 هەزار و 799 جووتیار ناویان تۆمار کراوە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی خۆیان بەپێی ئەو ڕێژەییەی کە بۆیان دەستنیشان کراوە لە سایلۆکان بەبازاڕ بکەن، کەرتی کشتوکاڵ بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و ڕۆژ بە ڕۆژیش لە فراوانبووندایە.