نەجم قەساب: هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق گێچەڵپێکردنی سیاسییە

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی سیاسیی لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت: ئەو هەڕەشانە گێچەڵپێکردنی سیاسییە و لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو گرووپە چەکدارانە لە دەرەوەی یاسا کاردەکەن و فشارەکانیان بۆ سەر حکوومەت لەپێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی کەسییە.

ڕۆژی سێشەممە (25ـی حوزەیرانی 2024) نەجم قەساب، شارەزای سیاسیی لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 20:00ـی کوردستان24 ڕایگەیاند: بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان کە دروشمی مقاوەمەیان بەرزکردووەتەوە لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و بەشێکی دیکەشیان بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی کردووە و لە پەرلەمان و حکوومەت نوێنەریان هەیە و بودجەیان لە حکوومەتەوە بۆ دابینکراوە.

نەجم قەساب ئاماژەی بەوەکرد: هەڕەشەکردنی گرووپە چەکدارەکان بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی عێراق و عێراقییەکان نییە و جێگەی قبوڵ نییە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، گرووپی چەکدار هەبێت هەڕەشە بێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی وڵات و سەروەری بخاتە مەترسییەوە.

ئەو شارەزایە سیاسییە باسی لەوەشکرد: هیچ کەسێک لە عێراق پاڵپشتی لە ئیسرائیل ناکات و هەمووان هاوسۆزی فەڵەستینییەکان و دۆزەکەیانن، بەڵام لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە بچێتە هیچ شەڕێکی هەرێمییەوە و لە ڕابردووش کاتێک عێراق لایەنگیری لە شەڕدا کردووە، تەنیا نەهامەتی و هەژاری ڕووی لە وڵاتەکەی کردووە، بۆیە لە ململانێکانی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارییەکانی ناوچەکە، عێراق بەرگەی ئەوە ناگرێت بچێتە شەڕەوە.

لەبارەی هاتنی سەرکردەکانی حەماس بۆ عێراق، نەجم قەساب ڕوونی کردەوە، کردنەوەی نووسینگەی حەماس لە ئەنبار تەنیا دەنگۆیە و تاوەکوو ئێستا لەلایەن حکوومەتی عێراق پشتڕاست نەکراوەتەوە بەڵام ئەمە بەگشتی لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە کە خۆی ئێستا لەژێر گەمارۆیەکی سیاسییە و بە گەندەڵییەوە دەناڵێنێت، ئەگەر کارێکی ئاوا بكرێت، ئەوا جارێکی دیکە نەهامەتییەکانی عێراق زیاتر دەبن.

بەپێی لێکدانەوەکانی ئەو شارەزا سیاسییە عێراقییە، بانگەشەی هاتنی سەرکردەکانی حەماس بۆ عێراق بەشێکە لەو گوتارە مەزهەبییەی کە دەیەوێت عێراق پەلکێشی شەڕ بکات و بە گوتەی قەساب عێراق ئێستا پێویستی بەوەیە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات و پەیوەندییەکانی نێوان کورد، سوننە و شیعە بەهێزتر بکرێت و دۆخی کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکە باشتر بکات، لەبری ئەوەی هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت کە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیدا نییە.