وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: نابێت هیچ وڵاتێک مامەڵە لەگەڵ حەماسدا بکات

ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کردنەوەی نووسینگەی بزووتنەوەی حەماس لە بەغدا دەڵێت، نابێت هیچ وڵاتێک لەگەڵ حەماس کار بکات و شوێنێکی سەلامەتی بۆ دابین بکات.

ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێزەکانمان لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی عێراق لەو وڵاتەن تا لە بەرژەوەندی خەڵکەکەی چالاکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجام بدەن.

هاوکات ڕاشیگەیاند، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هێزەکانمان بەشێوەیەکی گونجاو وەڵاممان دەبێت و ئەوانەی بەرپرسیارن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەین.

لەبارەی کردنەوەی نووسینگەی بزووتنەوەی حەماس لە بەغدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: نابێت هیچ وڵاتێک بەشێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ حەماسدا کار بکات، بە تایبەت دوای ئەوەی بزووتنەوەکە ئەنجامدەری کردەوە قێزەونەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر بوو، هیواخوازین هیچ وڵاتێک نوایەکی ئارام بۆ حەماس فەراهام نەکات.

لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژنامەی زە ناشناڵ لە زاری پەرلەمانتارێکی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، مانگی ڕابردوو سەرکردەکانی عێراق ڕەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ بەغدا.

هەر لە مانگی ڕابردوودا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەنگاوەکان بەوردی لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیسماعیل هەنییە گفتوگۆی دەربارە کراوە، بەڵام لەنێو سیاسییەکانی عێراق کۆ دەنگییەک لە سەر گواستنەوەی سەرکردەکانی حەماس بۆ بەغدا نییە. چونکە بەشێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق نایانەوێت بەم هەنگاوە ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەمەریکا زیاتر قووڵ بکرێتەوە، بەڵام بڕیار بڕیاری حکوومەتەو پاشگەزبوونەوەی نییە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی زە ناشناڵ، لەم مانگەدا بزووتنەوەی حەماس نووسینگەی خۆی لە بەغدا کردووەتەوە کە محەممەد حافی سەرۆکایەتی دەکات و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا نووسینگەیەکی ڕاگەیاندنیش هەر لە بەغدا بکەنەوە.