ئەمساڵ نزیکەی 103 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە تورکیا دەستگیر کراون

دەستگیرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە تورکیا
دەستگیرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە تورکیا

K24 – هەولێر:

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تاوەکوو ئێستا نزیکەی 103 هەزار کۆچبەری نایاسایی دەستگیر کراون و تەنیا لە پشووی جەژنی قورباندا، زیاتر لە هەزار و 400 کۆچبەری نایاسایی لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیا دەستگیر کراون.

تورکیا وەک پردی کۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا دەبینرێت بۆیە ساڵانە بە سەدان کۆچبەری نایاسایی لەو وڵاتە دەستگیردەکرێن بەشێوەیەک، لە نۆ ڕۆژی پشووەکانی جەژنی قوربان زیاتر لە هەزار و 400 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی تورکیا، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە گەڕەک بە گەڕەک و کۆڵان بە کۆڵان بەدوای کۆچبەری نایاساییەوەن، هاوکات پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەیە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت زۆرجار هەماهەنگیی هەیە لە گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی.

ئامارەکانی کۆچی نایاسایی لە تورکیا لەمساڵدا وەک ئەوەی ڕاگەیەندراوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە، بریتییە لە 102 هەزار و 879 کۆچبەری نایاسایی و هەر لەمساڵدا پێنج هەزار و 767 قاچاخچی دەستگیر کراون.

ڕەگەزنامەی کۆچبەرانی نایاسایی کە دەستگیر کراون زۆرترینیان ئەفغانییە کە 32 هەزار و 237 کەسن، دوای ئەوانیش کۆچبەرانی نایاسایی سووریی دێن کە ژمارەیان 20 هەزار و 768 کەسە. هەروەها شەش هەزار و 842 تورکمانستانی، پێنج هەزار و 507 فەڵەستینی، چوار هەزار و 617 ئۆزباکستانی و سێ هەزار و 544 عێراقی دەستگیر کراون.

کۆی گشتی ژمارەی دەستگیرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە ساڵی 2007ـەوە تاوەکوو ئێستا بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی تورکیا بریتییە لە دوو ملیۆن و 259 هەزار و 605 کۆچبەر. کەمترین حاڵەتی دەستگیرکردن لە ساڵی 2010 بووە کە 32 هەزار و 667 کەس دەستگیر کراون هەروەها زۆرترین حاڵەتی دەستگیرکردنیش لە ساڵی 2019 بووە کە 454 هەزار و 662 کۆچبەر دەستگیر کراون.