لە دۆسیەی کۆبانێ؛ هودا کایا ئازاد کرا

هودا کایا دوای ئازادکردنی قسە دەکات
هودا کایا دوای ئازادکردنی قسە دەکات

K24 - هەولێر:

لە یەکەم دانیشتنی دووەم دۆسیەی کۆبانێ، پێنج پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دادگایی کران و دواجار هودا کایا ئازادکرا. لە کاتێکدا، کۆتا دانیشتنی پرۆسەی دادگایی کردنی دۆسیەی یەکەمی کۆبانێ لە 16ـی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، کە سزای زیندانیکردنی 407 ساڵ و 7 مانگ بەسەر سەڵاحەددین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و 22 کەسی دیکە سەپێندرا.

دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی دووەم دۆسیەی کۆبانێ لە 22ـیەمین بەندیخانەی ئەنقەرە بەڕێوەچوو، لە یەکەم دانیشتندا هودا کایا، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە ئازادکرا.

دۆسیەکە دوای ڕووداوەکانی 6  و8ـی تشرینی دووەمی 2014 دەگەڕێتەوە کە لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان لەپێناو بەرگریکردن لە کۆبانی لە هێرشی داعش، 37 کەس گیانیان لەدەستدا و بە سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.  لە دۆسیەکەدا پێنچ پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دادگایی کران، دوای دانیشتنی کۆتایی، هودا کایا ئازادکرا، و دادگاییکردنی هەریەکە لە سەرپیل کەمالبای، فاتما کورتولان، پێرۆ دوندار و گارۆ پایلان بەردەوامە.

هودا کایا کە لە بەندیخانەی مەڕمەڕە بۆ ماوەی هەشت مانگ بەندکرابوو، دوای ئازادکرانی ڕایگەیاند، دڵیان لە نێوان دیوارەکانی بەندیخانە دایە.

هودا کایا، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە گوتی: "هەشت مانگە بەهۆی نادادپەروەرییەوە لە بەندیخانەم، لە ژوورەوە کەسانێک هەن دەیان ساڵە بەهەمان هۆکار لە ژوورەوەن بۆیە ئەو هەشت مانگەی من هی ئەوە نییە باسی بکەین. نادادپەروەرییەکان بەردەوامە، دڵمان لە نێوان دیوارەکانی بەندیخانە دایە".

دۆسیەی یەکەمی کۆبانێ لە 16ـی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، لە کۆتا دانیشتنیدا سزای زیندانیکردنی 407 ساڵ و 7 مانگ بەسەر سەلاحەددین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و 22 کەسی دیکە سەپاندبوو. چاوەڕێ دەکرێت چوار پەرلەمانتارە پێشووەکەی هەدەپە بەهەمان شێوە ئازاد بکرێن.