کۆچی نایاسایی لەبەر دۆخی ئابووری مافی پەنابەریی دەستەبەر ناکات
جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و یەکێتی ئەورووپای پارتی "نیا دیموکراتیکا" یۆنان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، یۆنان پێویستی بە کۆچبەری یاسایی هەیە، بۆ کارکردن لە وڵاتەکەدا، نەک کۆچبەری نایاسایی.
ناسۆس مۆلدۆڤاندیس، جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و یەکێتیی ئەوروپای پارتی "نیا دیموکراتیکا"یۆنان، ئاماژەی بەوەش دا، هاتنی کۆچبەری نایاسایی بەهۆی کێشەی ئابووری نابێتە هۆیەک تا مافی پەنابەرییەتی بدرێت بە کۆچبەران.
هەروەها هاوشێوەی وڵاتانی دیکە یۆنان پێویستی بە کۆچبەرانە و پێویستی بەو کەسانەیە دەیانەوێت کاربکەن، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی یۆنان، چەندان ڕێککەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ چەندین وڵات هەبێت.
دەشڵێت، "ئێستە ئێمە لەگەڵ پاکستاندا دانووستان دەکەین و لەگەڵ بەنگلادیش ڕێککەوتنی دووقۆڵیمان هەیە، تا خەڵک بە یاسایی بێن و کار بکەن. پێویستمان بە کۆچبەری یاسایی هەیە و ئەگەر کەسێک مافی پێدانی پەنابەرییەتی هەبێت ئەو مافەی پێ دەدرێت بەڵام کێشەی ئابووری مافی پەنابەریی دەستەبەر ناکات."