شرۆڤەکارێک بۆ کوردستان24: ئەگەر کۆچبەران لەبەر هۆی ئابووری کۆچ دەکەن باشتر وایە لە وڵاتەکەیان بمێننەوە
شرۆڤەکارێکی جیۆسیاسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆچبەرە نایاساییەکان لە ئەورووپا بەراورد بە کۆچبەری یاسایی و هاووڵاتییانی ئەورووپا کرێی کاریان کەمترە و ئەگەر بەهۆی دۆخی ئابووری ڕوو لە ئەورووپا دەکەن، باشتر وایە لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە.
مارکۆ گۆمباچی، نووسەر و شرۆڤەکاری جیۆسیاسی ئیتاڵیا، ڕایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا و حکوومەتی ئیتاڵیا هەوڵدەدەن یارمەتی وڵاتی کۆچبەرە نایاساییەکان بدەن تا دۆخی باشتر بێت و مافی پەنابەرییەتی بەو کەسانە دەدەن کە سەرکوتکراون.
مارکۆ گۆمباچی، ئاماژەی بەوەش دا، زۆرینەی پارتە ڕاستڕەوەکان لە هەڵبژاردنی یەکێتیی ئەورووپا براوەبوون، چونکە دەڵێن پێویستە ڕێکاری توندتر لە هەمبەر کۆچبەران بگیرێتە بەر و سنووری دەرەکیان پتەوتر بکەن.
لای خۆیەوە ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ئەگەری هەیە لە داهاتووش لەو پۆستە بمێنێتە دەڵێت، "پێویستە یەکێتی ئەورووپا سیاسەتەکانی لەبارەی کۆچ بگۆڕێت و دەبێت تەنیا کۆچبەری یاسایی قبوڵ بکات، وەک ئەو کەسانەی لە ڕووی سیاسییەوە سەرکوتکراون مافیان هەیە داوای مافی پەنابەریی بکەن.
هەروەها ئێستە یەکێتیی ئەورووپا و حکوومەتی ئیتاڵیا هەوڵدەدەن یارمەتی وڵاتانی کۆچبەرەکان بدەن و دۆخێک دروست بکەن تا خەڵکەکەی کۆچ نەکەن، ئەگەر لەبەر هۆی ئابووری کۆچ دەکەن، باشتر وایە وڵاتەکەت جێنەهێڵیت و ئەمە پەیامی یەکێتی ئەورووپایە. دەشڵێت، "ئەگەر کۆمپانیاکان پێویستیان بە کۆچبەری نایاسایی بێت ئەو کۆچبەرانە کرێی کاریان کەمترە چونکە نایاسایین."