گەرمای ئەم ساڵ هەڕەشە لە کەرتی کشتوکاڵیی ئەدەنە دەکات
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زیانێکی گەورەی بە کەرتی کشتوکاڵیی تورکیا گەیاندووە و دەشتی چوقوورئووای ئەدەنە کە بە سەبەتەی دانەوێڵە و میوە و سەوزەی تورکیا ناسراوە، ئەم ساڵ ڕووبەڕووی کەمی بەرهەم بووەتەوە.
جووتیاران نیگەرانن و تووشی دڵەڕاوکێی بوونە و پێشبینی دەکەن ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم ساڵیان بگاتە چارەگی بەرهەمی ساڵانی ڕابردوویان.
کەمبوونەوەی بەرهەمی باخ و بێستانەکانی ئەدەنە کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر بەرزبوونەوەی ژمارەی بێکاران دەبێتەوە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمە وەرزییەکاندا، بە تایبەت لە باکووری کوردستان چونکە زۆربەیان هاووڵاتییانی باکووری کوردستان ساڵانە بۆ وەرزێری و و کرێکاری دەچنە چوقووڕئووا و شاری ئەدەنە.
باخەوان و جووتیارانی ئەدەنە لەلایەک وشکەساڵی نیگەرانیانی کردووە کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەروبوومەکانیان لەلایەکی دیکەشەوە ترسیان هەیە وەک ناوچەکانی دیکەی تورکیا بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاگر لە باخەکانیان بکەوێتەوە.
جووتیارێک بەناوی عەبدوڵڵا کاچار دەڵێت "لە وەرزی بەهاردا بارانێکی زۆر باری، بەڵام پلەکانی گەرما لە مانگی حوزەیراندا زۆر بەرزبوونەوە؛ لەبەر ئەوەی پێویستمان بە ئاو نییە، ئێمە ئەم ساڵ گوڵەبەڕۆژەمان چاندووە، بەڵام بەرزبوونەوەی پلەی گەرما نەیهێشت قەد و گوڵەکان گەشە بکەن، پێشتر هەموو ساڵێک 400 کیلۆ گوڵەبەڕۆژەمان لە ڕووبەری یەک دۆنم زەوی بەرهەم دەهێنا، بەڵام ئەم ساڵ بڕواناکەم 100 کیلۆش بەرهەم بهێنین".
خاکی ئەدەنە لە ئاستی تورکیا بەناوبانگە بە گەنم و بەرهەمهێنانی چەندین جۆری سەوزە و میوە، بەڵام دەستپێکی هاوین بە گەرمایەکی بەتین زیانێکی گەورەی بە بەشێکی زۆری بەرهەمەکان گەیاندووە و ترس هەیە هەموو هەموو بەرهەمێک دابتاشێت.
لەبارەی نیگەرانییەکانی جووتیاران و باخەوانەکان، مستەفا یەشیل یاپراک، سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵی کاراتاش گوتی "کاریگەرییەکانی گەرما زیانی زۆری بۆ باخەکان هەبووە و بەری دارەکان خۆیان ناگرن و هەڵدەوەرن، بە تایبەت پرتەقاڵەکان، تینی گەرماکە نەک هەر زیانی بۆ میوەکان هەبووە بەڵکو کاریگەریی کردووتە سەر گەڵا و قەدی دارەکانیش، ئەوانیش هەڵدوەرن و دەشکێن، بەتایبەت بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە خوزەیران ناوچەکەی گرتەوە".
ترسی بێبەرهەمیی و ڕەنج بەخەساری هەر بە تەنیا باخەوان و جوتیارانی ئەدانای نەگرتووتەوە، بەڵکو بووەتە ترس و نیگەرانیش بۆ کرێکاران، بەتایبەت ساڵانە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی باکووری کورد لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەکان بۆ دەرفەتی کار ڕوو لەو شارە دەکەن.
گوڵبەهار جانبۆلات، وەرزێر، دەڵێت "ئێمە ساڵانە بەخێزانی بۆ کارکردن دێینە ئەدەنە و لە زەوییە کشتوکاڵییەکان کار دەکەین، بەڵام پلەکانی گەرما بەرزن و بووەتە هۆی زۆربوونی مێش و مەگەز منداڵەکانیش ناتوانن لەبەر ئەو هەموو مێشوولەیە بخەون، ڕەنگە ئەم ساڵ نە بەرهەم و نەکارکردنی ئێمەش وەک ساڵانی ڕابردوو بێت"
هەندێک لە کرێکارەکان دەڵێن زیاتر لە 30 ساڵە بۆ کارکردن و دەستکەوتنی بژێوی دەچنە دەشتی چوقووڕئووای ئەدەنە، بەڵام بەدرێژایی ئەو سێ دەیە گەرمای وەها بەتینیان نەبینیوە.