فه‌یسه‌ڵ یووسف: چه‌كداران و لایه‌نگرانی په‌یه‌ده هیچ ڕێزێك بۆ خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌وانی دیكه دانانێن
گوته‌بێژی ئه‌نه‌كه‌سه ئاماژه به‌وه ده‌كات، له هێرشی چه‌كداران و لایه‌نگرانی په‌یه‌ده بۆ سه‌ر ئه‌ندام و لایه‌نگره‌كانیان نزیكه‌ی 100 كه‌س كه ئافره‌ت و به ته‌مه‌نیشیان له‌نێودایه، بریندارن.
ڕۆژی دووشه‌ممه 1ـی ته‌ممووزی 2024، فه‌یسه‌ڵ یووسف، گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردی سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه) تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، لەكاتی ئەنجامدانی مانگرتنێك بۆ ئازادكردنی ئەندامەكانیان، لەلایەن گه‌نجانی شۆڕشگێر و ئاسایشەوە هێرشێكی وه‌حشیگه‌رانه‌یان كراوه‌ته سه‌ر.
فه‌یسه‌ڵ یووسف جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌وان به‌و جۆره هێرشه وه‌حشیگه‌رانه ناتوانن چۆكیان پێدا بده‌ن و له خه‌بات و كاری سیاسییاندا واز بهێنن و بۆ خه‌ڵكی دیكه گۆڕه‌پانه‌كه به جێ بهێڵن.
گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردی سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه) باسی له‌وه‌ش كرد، چه‌كداران و لایه‌نگرانی په‌یه‌ده هیچ ڕێزێك بۆ خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌وانی دیكه دانانێن، كه ئه‌مه له مێژووی خه‌باتی نێوان هێزه كوردستانییه‌كان پێشینه‌ی نه‌بووه.
ناوبراو گوتیشی، ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه له‌و هێرشه وه‌حشیگه‌رانه‌دا چه‌ند كه‌سێك كه ئافره‌تن و كه‌سانی به ته‌مه‌نن بریندار كراون.
لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە قامیشلۆ ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) لەكاتی ئەنجامدانی مانگرتنێك بۆ ئازادكردنی ئەندامەكانی لەلایەن گه‌نجانی شۆڕشگێر و ئاسایشەوە هێرشیانكرایەسەر.
بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24 هەریەك لە سلێمان ئۆسۆ، سەرۆكی ئەنەكەسە و محەممەد ئیسماعیل، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنەكەسە و سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا و فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەكەسە و عەبدولسەمەد خەڵەف برۆ و نعمه‌ت داوود ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنەكەسە دەستگیركران و دواتر هه‌ندێكیان ئازاد كراون.
هاوكات دوو كەس لە خۆپیشاندەران كە یەكێكیان خاوەن پێداویستی تایبەتە و ئەوی دیكەشیان كچی یەكێكە لەوانەی كە لەلایەن ئاسایشی پەیەدەوە دەستگیركراوە، دواتر ئازاد كران.
پێشتریش لە (24ـی نیسانی 2024) ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "چەکدارانی سەر بە پەیەدە" هێرشیان کردووەتە سەر هەردوو بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) و یەکێتیی دیموکراتی کوردستان – سووریا لە شاری قامیشلۆ و هەموو کەلوپەلەکانی نێو هەردوو بارەگاکەیان سووتاندوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، چەکدارانی پەیەدە لە هەمان کاتدا هەوڵیان داوە نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) لە شاری ترپەسپی لە ڕۆژئاوای کوردستان بسووتێنن. هاوکات، ئەنەکەسە هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" ناوبردووە و جەختی کردووەتەوە کە پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە.
پێشتریش لە (1ـی ئاداری 2024) هێرش کرایە سەر نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان کە بڕیار بوو چالاکییەکی ئەنەکەسەی تێدا بەڕێوە بچێت.
لەلایەن خۆیەوە، لە (25ـی نیسانی 2024) باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سووریا لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووە: ئیدانەی سووتاندنی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا لە قامیشلۆ کرد و ئاماژەی بەوەش کردووە: پێویستە هێرشکردنە سەر بارەگا و پارتە سیاسییەکان لە باکووری سووریا بوەستێت و لێپرسینەوەش لە بکەرانی ئەو ڕووداوە بکرێت.