سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: دەرگای هەرێمی کوردستان بە ڕووی وەبەرهێنەرە بیانییەکاندا کراوەیە

د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان
د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەخت لەوە دەکاتەوە، دەرگای هەرێمی کوردستان بە ڕووی وەبەرهێنەرە بیانییەکاندا کراوەیەوە و هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەن تاوەکوو وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا بکەن.

د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی دوازدەهەمین کۆنفرانسی ئەنجوومەنی بازرگانیی بەریتانیا (IBBC) لە لەندەن، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کۆنفرانسەکەدا "بۆ ئامادەبووانمان ڕوون کردەوە لە هەرێمی کوردستان چی کراوە بۆ پێشخستنی کەرتی ئابووریی و فرەچەشنکردنی داهات و لە داهاتووشدا چی دەکەین. هەروەها پلانەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیمان بۆ ئەوانمان شرۆڤە کرد، بە تایبەت لەبارەی پێشخستنی کەرتی وەبەرهێنان، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و هەموو کەرتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان".

بە گوتەی د. محەممەد شوکری، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی پێشکەشی وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و بیانییەکان کردووە، ئێستا لە هەرێمی کوردستان، بەراورد بە ڕابردوو، کۆمپانیاکان زۆر بە ئاسانتر دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن و پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنانیش زۆر بە ئاسانتر کراوە؛ ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە لە یاسای وەبەرهێناندا".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختی کردەوە، "دەرگای هەرێمی کوردستان بە ڕووی هەموو وەبەرهێنەرە بیانییەکاندا کراوەیە و هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین تاوەکوو بێن لە هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا وەبەرهێنان بکەن". گوتیشی، چەندین کۆمپانیای بەریتانی، ئەورووپی و بیانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و ئێمەش هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ژمارەکە زیاتر بکەین.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕاشیگەیاند، "بە گوێرەی یاسای وەبەرهێنان، هەر پرۆژەیەکی وەبەر‌هێنان لە هەرێمی کوردستان، لە هەر چی بوارێکدا بێت، 10 ساڵ باجی لێ وەرناگیرێت و پێنج ساڵیش پارەی گومرگیان لێ وەرناگیرێت". ڕوونیشی کردەوە، ئێستا لە هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە چۆنییەتی وەرگرتنی باج لە کۆمپانیا و پرۆژەکانی وەبەرهێنان دەکرێت.