پێکدادانی دوو تانکەری پڕ سووتەمەنی لە باکووری کوردستان قوربانییەکی لێکەوتەوە

پێکدادانی دوو تانکەری پڕ سووتەمەنی لە باکووری کوردستان
پێکدادانی دوو تانکەری پڕ سووتەمەنی لە باکووری کوردستان

لە باکووری کوردستان بەهۆی پێکدادانی دوو تانکەری پڕ سووتەمەنی، شۆفێری یەکێک لە تانکەرەکان مرد و ئاگرێکی وێرانکەریش ناوچەکەی گرتەوە.

مێدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، ڕووداوەکە شەوی ڕابردوو لە دووری 51 کیلۆمەتری ڕێگەی خێرای نێوان ڕحا – دیلۆک ڕوویداوە و بەهۆی توندی پێکدادانەکە هەردوو تانکەرە پڕ لە سووتەمەنییەکە تەقیونەتەوە و ئاگرێکی گەورە کەوتووتەوە و شۆفێری یەكێک لە تانکەرەکەن بەناوی عومەر باگتور مردوە.

دوای ڕووداوەکەش تیمەکانی بەرگری شارستانی، تەندروستی و پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەکە، تیمەکانی بەرگری شارستانی توانیویانە ئاگرکەوتنەوەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەهۆی داخرانی ڕیگەکەوە و بە درێژایی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان ڕیزیان بەستووە و ناتوانن لە ڕۆیشتن بەردەوام بن.

هەروەها پۆلیسی هاتووچۆی تورکیا بڵاویکردووەتەوە دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری ڕووداوەکە کردووەتەوە.