سبەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی تەممووزی 2024، بانگەشەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی چواردەهەمین خولی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران کۆتایی هات و ناوەندی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، مەسعود پزیشکیان بە ژمارە 22 و سەعید جەلیلی بە ژمارە 44 سبەی کێبڕکێی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە دەکەن.
ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران ڕایگەیاند، بەگوێرەی ماددەی 117ی دەستوور و یاسای هەڵبژاردنەکان ژمارە 2764 لە 26ی تەممووزی 1985، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوەدەچێت و لەم گەڕەدا تاکە پێوەری سەرکەوتن، بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی هەڵبژاردنەکە دەبێت.
ناوەندەکە بڵاویکردووەتەوە، سبەی هەینی، لە دایکبووانی 6ی تەممووزی 2006 و هەموو ئەوانەی لە 18 ساڵەوە بەرەوژوورن دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن بەو مەرجەی هەڵگری ناسنامەی ئێران بن.
پرۆسەی دەنگدانی سبەی کاتژمێر هەشتی بەیانیی دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان دەکرێتەوە و تاوەکوو شەشی ئێوارە کێبڕکێ لە نێوان مەسعوود پزیشکیان کاندیدی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازەکان و سەعید جەلیلی کاندیدی بناژۆخوازەکان دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەینی ڕابردوو لە چوار کاندید ئەم دووانەیان هەرچەندە دەنگی زۆرینەیان هێنا بوو بەڵام بەهۆی ئەوەی دەنگی هیچ کامێکیان نەگەیشتە 1+50% پرۆسەکە بۆ گەڕی دووەم دەربازبوون، بەڵام سبەی هەر کامێکیان دەنگی زۆرینە بەدەست بێنێت، دەبێتە سەرۆککۆماری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران.
جیاوازیی دەنگەکانی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن لە نێوان پزیشکیان و جەلیلی کەمتر لەوە بوو هیچکامێکیان لە سەرکەوتنی خۆیان دڵنیا بن، هەربۆیە لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا هێندەی توانیان لە دژی یەکتر بانگەشەیان کرد و بەڵێنیان بە هاووڵاتییاندا.
بەربژێری ڕیفۆرمخوازەکان، مەسعود پزیشکیان لە دوایین دیبەیتی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕەخنەی لە شێوازی حوکمڕانی گرت و ئاماژەی بەبێ متمانەیی لە نێوان دەسەڵات و خەڵکی ئێران کرد و گوتی" لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن سەرەڕای ئەو هەموو مشتومڕ و کێشمەکێشەی کردمان کەچی تەنیا %40ی هاووڵاتییان بەشداری دەنگدان بوون، واتە %60 هاووڵاتییان ئێمەیان ناوێت یان ئێمەیان قەبوڵ نییە و کێشەیان هەیە، ئەگەر ئەم ڕێژەیەش دابەشی دوو بکەین، ئەوا دەکرێ بڵێین تەنیا 20% دەیانەوێت وڵات بەڕێوەببەن".
پزیشکیان گوتیشی "بەڵێنی ئەوەتان پێدەدەم لە مافەکانی هەموو چین و توێژەکان، هەموو گەلان، هەموو ڕەگەزەکان و هەموو ئەو کەسانەی لەو وڵاتەکەدا دەژین بەرگری بکەم، هەربۆیە سوێندی شەرەف دەخۆم کە بە شەرەفم سوێند دەخۆم بەرگریتان لێدەکەم".
کاندیدانی ڕیفۆرمخوازەکان بۆ سەرۆککۆماری نوێی ئێران
مەسعود پزشکیان
لەدایکبووی 1954 – مەهاباد
پسپۆریی نەشەرگەریی دڵ – زانکۆی پزیشکیی ئێران
ئەرکی ئێستا:
ئەندامی پێنج خولی پەرلەمان 2008 تاوەکوو ئێستا
ئەرکەکانی پێشوو:
وەزیری تەندروستی لە کابینەی محەممەد خاتەمی 2001 تا 2005
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران 2016 تا 2020
کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری 2013 – 2021
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئێران. لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پێشوەختە 24 ملیۆن و 535 هەزار و 185 کەس دەنگیانداوە و ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران بە کەمتر لە 40% بووە.
لەو چوار کاندیدەی لە ڕکابەرییەکانی گەڕی یەکەم مابوونەوە، مەسعود پزیشکیان لە ڕەوتی ریفۆرمخوازەکان بە 10 ملیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگ پلەی یەکەمی بەدەستهێنا بوو، لە دوای ئەویش سەعید جەلیلی، یەکێک لە دوو کاندیدە سەرەکییەکانی بناژۆخوازەکان بە 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگ پلەی دووهەمی بەدەستهێنا، بەڵام محەممەد باقر قالیباف، کاندیدەکەی تری بناژۆخوازان، بەکۆکردنەوەی 3 ملیۆن و 383 هەزار و 340 دەنگ نەیتوانی بگاتە گەری دووەم، هەربۆیە پشتیوانیی خۆی بۆ سەعید جەلیلی ڕاگەیاند.
جەلیلی کە کاندیدی ڕەوتی بناژۆخوازەکان و باڵی دەسەڵاتداری ئێرانە، پێچەوانەی پزیشکیان قسە و پەیامەکانی زیاتر ئاراستەی دەرەوەی ئێران کرد و جەخت لە بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی و بەرەنگار بوونەوی سیاسەتی ڕۆژئاواییەکان دەکاتەوە.
لە دوا دیبەیتی بانگەشەدا گوتی "بە هێزەوە بەرگری لە مافەکانی نەتەوەییەکانمان دەکەین. هەم لە بەرانبەر گەندەڵیی ناوخۆییدا ڕادەوەستین و هەم لە بەرانبەر گوشارە دەرەکییەکاندا. بوار بە کەس نادەین هێزی نەتەوەی ئێران سنووردار بکات".
کاندیدانی بناژۆخوازەکان بۆ سەرۆککۆماری نوێی ئێران
سەعید جەلیلی
لەدایکبووی 1965 - مەشهەد
دکتۆرا له زاستە سیاسییەکان – زانکۆی ئیمام سادق
ئەرکی ئێستا:
ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران
نوێنەری خامەنەیی لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی
ئەرکەکانی پێشوو:
سەرۆکی گرووپی دانووستانکاری ئەتۆمی 2007 تا 2013
کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری 2013 و 2021
گەڕی دووهەمی هەڵبژاردن، لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، کاتژمێر هەشتی بەیانیی ڕۆژی هەینی دەست پێ دەکات و تا شەشی ئێوارێ بەردەوام دەبێت. وەزارەتی ناوخۆ دەتوانێ وەک هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، ماوەی دەنگدان تا 12ی شەو درێژ بکاتەوە.
بەگوێرەی ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران، بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان بۆ گەڕی دووەم وەک گەڕی یەکەم دەمێنێتەوە کە لە ناوخۆی ئێران 24 هەزار و 522 سدووقی دەنگدان لە ناوەندی شارەکان و 24 هەزار و 118 سندووقی دیکە لە گوندەکان دانرابوون.
لە 45 ساڵەی مێژووی دروست بوونی کۆماری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمە سێیەم هەڵبژاردنی پێشوەختەیە دەکرێت، یەکەم هەڵبژاردنی پێشوەختە دوای دەرکردنی ئەبولحەسەنی بەنی سەدر بوو دوای ئەوەی لە پەرلەمانی ئێران لە 21ی حوزەیرانی 1981، بانگهێشتکراو پاش لێپرسینەوە لە سەرۆککۆماری دوورخرایەوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1980 بە کۆکردنەوەی 75% دەنگی خەڵکی ئێران بەیەکەم سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرابوو.
دووەم هەڵبژاردنی پێشوەختەش دوای تەقینەوەکەی نێو نووسینگەی محەممەد ڕەجایی دووەم سەرۆکی کۆماری ئێران بوو لە ئابی 1981 کە بەهۆیەوە تیرۆرکرا. ڕەجایی لە هەڵبژاردنی 21ی تەممووزی 1981، بە کۆکردنەوەی دەنگی زۆرینە %90 بە دووەم سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا.
سێیەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماری ئێران بەهۆی گیان سپاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆمارە کە ڕۆژی 15ی ئایاری 2024 لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی لە سنووری پارێزگای تەورێز لەگەڵ هەشت لە سەرنشینانی دیکەی نێو هێلیکۆپتەرەکە گیانیان سپارد.