سیادە و عەزم پابەندی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەبن
K24 – بەغدا:
هەریەک لە هاوپەیمانی سیادە و عەزم لە دوایین کۆبوونەوەیاندا بڕیاریاندا پابەندی دەستپێشخەریکەی سەرۆک بارزانی بن بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جارێکی تر نەگەڕێنەوە بۆ کێبڕکێی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە.
دوای حەوت مانگ لە ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە نێوان لایەنە سوننەکان، هەریەک لە هاوپەیمانی سیادە و عەزم بڕیاریاندا پابەندی دەستپێشخەریەکەی سەرۆک بارزانی بن بۆ یەکخستنی نێو ماڵی سوننە و لەبەرامبەریشدا حزبی تەقەدومی حەلبووسی سوورن لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستەکە و بە پشکی خۆیانی دەزانن.
لەلایەن خۆیەوە، عەدنان جعەیش، پەرلەمانتاری کوتلەی موبادەرە بۆ کوردستان24 گوتی: "دەبێت هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و واز لە پشک پشکێنە بهێنن، ئەو ناکۆکییەی لەنێوان هەردوو کوتلە سوننیەکە ڕوویداوە زیانی بە نێو ماڵی سوننەکان گەیاندووە، ئێمەش بڕیارمانداوە پابەندی دەستپێشخەریەکەی سەرۆک بارزانی بین و کۆبوونەوەیەکی گشتگیر ئەنجام بدەین بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە".
دوای کشانەوەی شەعلان کرەیم کە کاندیدی بەهێزی حزبی تەقەدوم بوو، ئێستا ئەو حزبە بە فەرمی هیچ کاندیدێکی نییە، هەر بۆیە داوا دەکەن پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەموار بکرێتەوە تاوەکوو جارێکی دیکە دەرگای خۆ پاڵاوتن بکرێتەوە و کاندیدێکی نوێیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام زۆرینەی پەرلەمانتاران دژی ئەو هەموارکردنەوەیەن.
لەوبارەیەوە، فەیسەل ڕێکانی، شارەزای یاسایی دەڵێت: "بەداخەوە ڕاستە لایەنێک دەڵێت ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان، بەڵام لایەنی بەرامبەر هێشتا سوورە لە سەر بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، ئەمەش عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سوننەکان ئەگەر دوای تەواوبوونی پشووی وەرزی یاسادانان بە یەک کاندیدەوە نەگەڕێنەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان".
ڕۆژی (3ـی تەمموزی 2024) سەرۆک بارزانی بە سەردانێکی دوو ڕۆژە گەیشتە بەغدا و زیاتر لە 17 دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان، بەرپرسانی حزبی و حکوومی و باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق کرد، مەبەست لە سەردانەکەی بریتی بوو لە چارەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی عێراق پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. هاوکات ڕایگەیاند، ئەگەر نیازی باش هەبن، چارەکردنی هیچ کێشەیەک زەحمەت نابێت. دووپاتیشی کردەوە، "بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوانمان".
لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سیاسییە سووننەکان لە ماڵی خەمیس خەنجەر لە شاری بەغدا کۆبووەوە. دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەکردنی کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق کرد لەلایەن خۆشیانەوە سەرکردە و لایەنە سووننەکان پێزانینیان بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا هەبوو و بە سەردانێکی مێژوویی و گرنگ لەقەڵەمیان دا کە دەرئەنجام و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی بەجێ دەهێڵێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا "لایەنە سیاسییە سووننەکان داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسیی عێراق بێت بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان بگەنە چارەسەر بۆ کێشە و داخوازییەکانیان" و جەختیان لەوە کردەوە کە "بوونی سەرۆک بارزانی لە بەغدا پشت و پەنایە بۆ پێکهاتەی سووننە و پێکهاتەکانی تری عێراق و هێز دەداتە پڕۆسەی سیاسی".
دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامییەتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق دا، لەو ساتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پێکهاتەی سوننەکانە، لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە شیعەیە، بەڕێوە دەبرێت.
بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سوننەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی بەرکەوتەی ئەو پێکهاتەیە، سوننەکانی عێراق بۆ چەند بەرەیەک دابەشبوون کە پێکهاتوون لە (تەقەدووم، سیادە، حەسم، عەزم، سەدارە و موبادەرە).
لە دانیشتنی ڕۆژی (18ـی ئایاری 2024)ـی پەرلەمانی عێراق، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پهرلهمانی عێراق دەستی پێ کرد و هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵال زەوبەعی و عامر عەبدولجەببار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندیدا کرد.
هاوکات، هەر چوار کاندیدەکە نەیانتوانی لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا لە کۆی 329 دەنگ، 166 دەنگ بەدەست بهێنن و وەرگرتنی پۆستەکە یەکلایی بکەنەوە، بۆیە دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەمیش کێبڕکێکە لە نێوان مەشهەدانی و عیساویدا بوو، ئەم گەڕەش بەبێ یەکلابوونەوە کۆتایی هات. بڕیار بوو گەڕی سێیەمی دەنگدان بەڕێوە بچێت، بەڵام دانیشتنەکە هەڵگیرا، بەشێوەیەک کە دەنگەکانی گەڕی دووەم بەو شێوەیە بوو؛ مەحموود مەشهەدانی 137 دەنگ، سالم عیساوی 158 دەنگ، عامر عەبدولجەبار سێ دەنگ.