بەرنامەی باسی ڕۆژ پرسی سووتاندنی بازاڕی چەلێی دهۆک تاوتوێ دەکات

بازاڕی چەلێی دهۆک
بازاڕی چەلێی دهۆک

K24 - هەولێر:

بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024)، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی "چەلێ" لە سەنتەری شاری دهۆک کەوتەوە و زیان بە زیاتر لە 100 دوکان کەوت. چاودێرێکی سیاسی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک و سەرۆکێ لقی دهۆکی یەکێتیی کرێکاران لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، سوتاندنی ئەم بازاڕەیان بە کردەوەیەکی تیرۆریسی ناوبرد و کارەکەیان بە تووندی شەرمەزار کرد، هاوکات داواکارن لە حکوومەت کە بە زوویی تاوانباران سزا بدات.

لە دەستپێکدا فەهیم عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، لە کوردستان دوو شۆڕش کراوە گوڵان و ئەیلوول، بە درێژایی هەردوو شۆڕش، پێشمەرگە نەیان هێش هیچ زیانێک بە گوندەکانی کوردستان بکەوێت و هەمیشە قوربانییانداوە بۆ ئەوەی گوندەکانی هەرێمی کوردستان بە ئامانج نەگیرێن.

ئاماژەی بەوە دا، بکەرانی ڕووداوەکە خۆیان بە رێکخراوێکی شۆڕشگێر داناوە کەچی بوونە مایەی مەینەتی بۆ خەڵکی کوردستان و خەڵکی پارێزگای دهۆک بە تایبەتی، چەندین گوند بەهۆیانەوە چۆل کراون زەرەر و زیان بە ماڵوحاڵی چەندەها کەس گەیشتووە، جووتیارانیش زیانمەندی سەرەکی کردەوە تیرۆریستییەکانی پەکەکەن.

ناوبراو لەبارەی بازاڕی چەلێی دهۆک، دەڵێت: ئەم بازاڕە کۆنترین شوێنی دهۆک بووە، شوێنێکی بازرگانیی و، بازاڕێکی مێژووی بوو، ئەوانەی ئەم کارەیان ئەنجامداوە هیچ کاتێک شۆڕشگێر نەبوونە هیچ کاتێک کارێکی باشیان لە بەرژەوەندی گەلی کوردا نەکردووە. هاوکات داواکارە لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەک تەرخان بکات بۆ نۆژەنکردنەوەی تەواوی بازاڕەکە.

لەلایەکی دیکەوە شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک، گوتی: ئەوەی ڕوویدا لە بازاڕی چەلێ کارەساتێکی گەورە بوو، سروشتی نەبوو، هەر لە سەرەتادا دیار بوو دەستێک لە پشت ڕووداوەکەوەیە. دوکانداران زۆر ماندوبوون و زەحمەتییان دیوە تا بوونەتە خاوەنی دوکانەکان.

ئاماژەی بەوە دا، بازاڕی چەلێ، بازاڕێکی دێرین و مێژوویی دهۆکە، کەلوپەل و کاڵاکانی لەچاو هەموو شوێنەکانی دیکەوە زۆر هەرزانتر بوون، زیانی ئەم بازاڕە زۆر گەورەیە. جێگەی دڵخۆشییە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاتێک بازاڕەکە سووتا هەر زوو هاتە سەر هێڵ بۆ دابەشکردنی هاوکاری بەسەر دوکانداراندا.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک، دەڵێت: هەر لە دوای ڕووداوەکە چەند لێژنەیەکمان پێکهێنا و قەبارەی زیانەکانمان دیاری کرد.

بەشێک لە دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕی چەلێ بەشدار بوون لە بەرنامەی باسی ڕۆژ و ڕایانگەیاند، دەستی چەپەڵ و ناحەزان گەیشتە دوکانەکانمان، ئەم کردەوەیە بە توندی شەرمەزار دەکەین، کاتێک ئاگرەکە کەوتەوە گومانمان هەبوو کە دەستێک لە پشتی ئەو کارە هەبووە.

هاوکات گوتیان: هەژارین و تاکە بژێوی ژیانمان لەسەر دوکانەکانە. جەختیان لەوە کردەوە، دڵخۆشبوون کە تۆمەتباران دەسگیرکران، بەڵام کاتێک زانیان ئەوانەی کارەکەیان ئەنجام داوە کوردن زیاتر دڵ گران بوون، داواکارن بە توندرین شێوە تاوانباران سزا بدرێن بۆ ئەوەی لەمەودوا کەس بوێری تاوانێکی لەو شێوەی نەبێت. باسیان لەوەش کرد، هەموویان ئامادەن سکاڵا دژی بکەرانی ڕووداوەکە تۆمار بکەن.

لای خۆیەوە وڵات ئەمین، سەرۆکێ لقی دهۆکی یەکێتیی کرێکاران ڕایگەیاند، سووتانی ئەم بازاڕە کارێکی مەترسیدارە و جۆرێکە لە تیرۆر، چونکە کاسبکار هیچ پەیوەندییان بە سیاسەت نییە، بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان دێنە سەر کار، ئەو کارەساتە جێگەی سەرسوڕمان بوو، بەڕاستی ئەوەی پەکەکە کردوویەتی جینۆسایدە و بە توندی ئیدانەی ئەو کارە دەکەم.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، نزیکەی هەزار کرێکار کە لەو بازاڕە کاریان دەکرد ئێستە بێکار ماونەتەوە. جێگەی دەستخۆشییە کە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ڕووداوەکە ڕاگەیاندرا، بەڵام داوا لە سەرۆکی حکوومەت دەکەم یارمەتیمان بدات لەوەی سکاڵا لەسەر تاوانباران تۆمار بکەین و دەمانەوێت دەنگی خۆمان بگەینینە هەموو جیهان، چونکە پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆرستییە و بارەگای لە هەموو جیهان هەیە.

نزیکەی کاتژمێر 03:15ـی بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024)، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی "چەلێ" لە سەنتەری شاری دهۆک کەوتەوە. دوای چوار کاتژمێر و بە هەوڵەکانی زیاتر لە 30 تیمی بەرگریی شارستانیی دهۆک؛ توانرا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.

بێبوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "دوای سێ کاتژمێر توانیمان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین، بەڵام بەداخەوە زەرەر و زیانێکی ئێجگار زۆری ماددی هەبووە. زیاتر لە 100 دوکان زیانی پێگەیشتووە.

لای خۆیەوە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: چوارشەممە، (29ـی ئایاری 2024)، لەسەر داوای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکاریی ماددی پێشکەشی ئەو خاوەن دووکانانە دەکرێت کە بەهۆی ئاگرەکەی بازاڕی "چەلێ" زیانیان پێ گەیشتبوو.