شاخەوان عەبدوڵڵا: دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی چەندین دۆسیەی گرنگ بوو، هاوکات هەموو لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومەتی عێراق سەردانەکەیان بە گرنگ و پڕ بایەخ وەسف کرد. ناوبراو دەڵێت: دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی دوای چەندین داوەتنامەی هێز و لایەنە سیاسییەکان هات. سەرۆک بارزانی کاتێک ئەو داوەتنامەی قبوڵکرد کە بینی کەشێکی لەبار هەیە و گفتوگۆکان هەنگاوی باشیان بڕیوە و هەنگاوی کردەیی نراوە بۆ چارەکردنی گرفتەکان.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەو کێشە و ململانێیانە کە لە ڕابردوو ڕوویدابوو ئەوەی دەخواست کە سەرۆک بارزانی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسانەی لە بەغدا بێت. هەموو لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و مێدیا عەرەبییەکان سەردانەکەیان بە گرنگ و پڕ بایەخ وەسف کرد.

لەبارە پرسی دیاریکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، سوننەکان لە عێراق زۆر پەرتەوازە بوونە، پێویستییان بەوە بوو کە کەسێک کۆیان بکاتەوە، جەنابی سەرۆک بارزانی هەموو جەمسەرە ناکۆکەکانی سوونەی کۆ کردەوە و گوتی: "دەبێت کێشەکانی نێوان خۆتان چارە بکەن و یەکگرتوو بن و لەنێو خۆتان ڕێکبکەون بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان".

جەختی لەوەش کردەوە، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئاسایی نەبوو، هەروەها سەرۆک بارزانی وەڵامی هەموو ئەو تۆمەت و سیناریۆیانەی دایەوە کە بۆ هەرێمی کوردستان تاشرابوون. هاوکات دەشڵێت: هەندێک هێزی سیاسی لە گۆڕەپانی بەغدا تازە دروستبوونە، لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە پێشوودا دیدارییان نەبوو، بەڵام ئەم جارە کە دیداریان لەگەڵی هەبوو شایەتی ئەوەیان دا کە سەرۆک بارزانی ئەو کەسایەتییەیە کە دەتوانێت ڕۆڵی برا گەورە لە عێراق ببینێت و چارەی هەموو کێشەکان بکات.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق زۆر ئومێدیان بە جەنابی سەرۆک بارزانی بوو کە هەندێک پرس لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق باس بکات، هەموویان چاوەڕێی هەنگاوەکانی سەرۆک بارزانی بوون.

لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومی باسی لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر دەستوور بکرێتە بناغە زۆرێک لە کێشەکان چارە دەکرێن.

هێمای بۆ ئەوەش کرد، دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە و بەرەو باشتر دەڕوات.

چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، بە یاوەریی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگ و یەکلاکەرەوەی لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و زۆرینەی سەرکردە سوننی و شیعییەکانی عێراق کرد.

بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی و هەرێمی؛ پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، بابەتی نەوت، بودجە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پەرلەمان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە؛ تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی بوون لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق.