ئایدن مەعروف: سەرۆک بارزانی ڕەمزی پێکەوەژیانە
K24 – هەولێر:
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی ڕەمزی پێکەوەژیانە و سەردانەکەی بۆ بەغدا مێژوویی بوو، هەروەها لە کاتێکی زۆر گونجاودا بوو.
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، هەموو ئەو گرفت و کێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا و پێکهاتەکان هەن بەرەو چارەبوون دەچن.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژی بەوە دا، سەرۆک بارزانی ڕەمزی پێکەوەژیانە و سەردانەکەی بۆ بەغدا مێژوویی بوو، هەروەها لە کاتێکی زۆر گونجاودا بوو.
چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، بە یاوەریی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگ و یەکلاکەرەوەی لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و زۆرینەی سەرکردە سوننی و شیعییەکانی عێراق کرد.
بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی و هەرێمی؛ پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، بابەتی نەوت، بودجە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پەرلەمان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە؛ تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی بوون لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق.