عەبدوڵلا هەژار: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوودی زۆریان لە میوزیک و گۆرانی کوردی وەرگرتووە
گۆرانیبێژ و میوزیکژەن عەبدوڵلا هەژار، لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی و باسی نوێترین پرۆژەی هونەری خۆی دەکات.
خاوەنی چەند بەرهەمی؟
خاوەنی یەک بەرهەمم بە ناوی مێخەک، لە چەند گۆرانیەکی فۆلکلۆری کوردی پێک هاتووە. ویستم یەکەم بەرهەمم مۆرکێکی ڕەسانایەتی و کوردانەی پێوە دیار بێت. وێڕای ئەوەی دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی نەبوو، بەڵام ئەوە نابێتە ڕێگر و ناکرێ بیکەینە پێوەر بۆ سەلماندنی ئەوەی کە هونەرمەند هونەرێکی پاک پێشکەش دەکات یان نا؟ چونکە، زۆر باش دەزانین چەندین هونەرمەندمان هەیە بە دیمەن و ساختەکاریی هەوادار دروست دەکات و سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێ.
میوزیک و گۆرانی کوردی هەژارە یان دەوڵەمەند؟
میوزیک و گۆرانی کوردی نەک هەر هەژار نییە، بگرە لە زۆربەی نەتەوەکانی تر دەوڵەمەندترە، هەر شارێک و ناوچەیەکی کوردستانی گەورە لە بواری میوزیک و گۆرانی خاوەنی فۆرم و شێوەزار و چەندین ستایلی جیای تایبەت بە خۆیەتی. ئەگەر بەس کوردستانی باشوور بە نموونە وەربگرین ئەو ڕاستیەمان بۆ دەر دەکەوێت، لە حەیران و لاوکەوە بگرە تا دەگاتە قەتار و هۆرەو ئای ئای و سیاچەمانە و هی تر، چەندین میلۆدی جوان و ناوازەش. بەبڕوای من، ئەو نەتەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین سوودی زۆریان لە میوزیک و ئاوازی کوردی وەرگرتووە. ئەمەش دەوڵەمەندی میوزیک و گۆرانی کوردی دەسەلمێنێت.
مۆرکی ڕەسەنایەتی کوردی لە ئاواز و گۆرانی و کارە میوزیکییەکان، هەست ناکەی بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بووەتەوە؟
بەداخەوە بەڵی، بە بەراورد لەگەڵ پێشوو، کەم بووەتەوە، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی گوێگری نەوەی ئێستا زۆر جیاوازە لەگەڵ نەوەی پێشووتر بەهۆی زۆر گوێگرتن لە گۆرانیە بیانیەکان و شێوازی مۆدێرن کە تەمەنی زۆربەی ئەو بەرهەمە نوێیانە چەند هەفتەیەکە و کاریگەری لەسەر کارە رەسەنە کوردیەکان دەکات. بەڵام ئێستاش کۆمەڵێک هونەرمەندی بە تواناو لێهاتوومان هەن، بە شێوەیەکی زۆر باش و کوالێتیەکی باش چەندین بەرهەمی فۆلکلۆری کوردی زیندوو دەکەنەوە کە مۆرکی ڕەسەنی کوردی پێوە دیارە.
تۆ زیاتر حەز بەچی جۆرە ستایلێک دەکەی؟
وەکو خۆم گوێ لە هەموو ستایلێک دەگرم، هەر ستایلێک تام و چێژی خۆی هەیە و گوێ لە هەموو ئەو دەنگانە دەگرم کە بە دڵ کار دەکەن و هونەرێکی ڕاستەقینە پێشکەش دەکەن، بەڵام وەکو ستایلی خۆم و کارکردنم لەسەری زیاتر کار لەسەر ئەرەبێسک دەکەم و زیاتر لەگەڵ دەنگ و ستایلم دەگونجێ.
تەکنۆلۆجیا چەند سوودی بە میوزیک و گۆرانی کوردی گەیاندووە؟
بێگومان لەسەردەمی ئێستەدا تەکنۆلۆجیا لە هەموو ڕوویەکەوە زۆر پێشکەوتووە، سەبارەت بە میوزیک و گۆرانیش بێگومان زۆر سودی باشی گەیاندووە، چونکە لەسەردەمی ئێستادا باشترین جۆری ئامێرە میوزیکیەکان و کەرەستەکانی میوزیک و سیستەمی دەنگ زۆر پێشکەوتوو بووە و سوودی زیاتری گەیاندووە بە ژەنیار و هەموو ئەوانەی لە بواری هونەری کار دەکەن.
پڕۆژەی نوێت چی دەبێت؟
بەم زوانە نوێترین بەرهەمی خۆمتان پێشکەش دەکەم و ئێستە کاری میوزیک و دابەشکردنی بۆ دەکرێت و دواتر بە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ پێشکەشی هەوادارە خۆشەویستەکانمی دەکەم.
گۆرانیبێژ و میوزیکژەن عەبدوڵا هەژار، لە ڕواندز لەدایک بووە و دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی ڕواندزە و هەر لە منداڵییەوە خولیای بۆ هونەر و میوزیک هەبووە و ئێستەش مامۆستای وانەی میوزیکە.