ئەیاد عەلاوی: سەردانەکەی سەرۆك بارزانی  بۆ بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكان بوو

ئەیاد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق
ئەیاد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق

K24 – لەندەن:

ئەیاد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لە هەڤپەیڤێنکی تایبەت لەگەڵ کوردستان24 ئاشکرای دەکات، دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا قسەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کردووە و سەرۆک بارزانی پێی ڕاگەیاندووە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ڕازییە.

ئەیاد عەلاوی گووتیشی، ئەو سەردانەی بۆ بەغدا ڕەنگدانەوەی ویستی سەرۆک بارزانییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەکان نەک دروستکردنی كێشە، چونکە کەسایەتی سەرۆک بارزانی بەشێوەیەکە، حەز بە زمانی هەڕەشە ناکات.

سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق ئاماژەی بەوەکرد: "سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا رەنگدانەوەی ویستی ئەو بۆ دۆزینەوەی چارەسەر نەک دروستکردنی کێشە. چونکە خۆی سرووشتی وایە حەزی بە دۆزینەوەی چارەسەرە، هەروەها سەردانەکەی هەڵوێستی عێراقییەکانی بەرامبەری دۆسیەی کورد تاڕادەیەکی زۆر یەکخست".

عەلاوی گوتیشی: "برای بەڕێزم بارزانی کاتی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا قسەی لەگەڵ کردم پێم گوت، کۆبوونەوەکانت چۆن بوون؟ ئەویش گوتی ئاسوودەم لەگەڵ ئەنجامی کۆبوونەوەکان و لێیان ڕازیم. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە ئەو بەدوای چارەسەر ئەگەڕێت، نەک بەدوای کێشە هەروەها دایم کەسێکی لەسەرخۆیە. من هەمیشە لەگەڵ سەرۆک بارزانیم و پشتیوانی دەکەم".