خەڵکی سووریا دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشقە

خۆپیشاندانی عەفرین دژی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و سووریا
خۆپیشاندانی عەفرین دژی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و سووریا

عەرەبی هاوردە و بەشێک لە دانیشتووانی عەفرین بە خۆپیشاندان و مانگرتن ناڕەزایی دژی هەوڵەکانی لێکنزیکبوونەوە و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا دەردەبڕن.

عەرەبی هاوردەی سووری، کە لە دوای داگیرکردنی عەفرین لەو شارە نیشتەجێکراون دژی هەموو شێوازێکی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشقن و دەڵێن : بە درێژایی 13 ساڵان لە مەینەتی و قوربانیدان ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادەن لە بری ئەوان بڕیار بدات و یاری بە چارەنووسیان بکات.

محەممەد حومسی، بە دەم ناڕەزایی دەربڕین لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا دەڵێ "مانگرتنمان بەردەوام دەبێت، ئێمە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی تاوانکاریی ئەسەد ڕەت دەکەینەوە و بە هیچ شێوەیەکیش قبووڵی ناکەین، هیچ کەس و لایەنێک مافی ئەوەی نییە بە ناوی گەلی سووریاوە قسە بکات و خوێنی قوربانیان هەرزانفرۆش بکات".

مەیدانی مانگرتنی دانیشتووانی ئەعزاز و عەفرین جمەی دێت و بەڵێنیان داوە لە شەقام بمێننەوە تاوەکوو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت، یەکێک لە داواکارییەکانیشیان دەرکردنی هێزەکانی تورکیایە لە ناوچەکە لەگەڵ سزادانی ئەو کەسانەیە دەستیان بە خوێنی خەڵکی سڤیل سوور بووە.

فارس زێندین، کە یەکێکە لە خۆپیشاندەران دەڵێ "پێنجەمین ڕۆژە خۆپیشاندان و مانگرتنەکانمان لە عەفرین بەردەوامە و داواکارین لێکۆڵینەوە لە تاوانبارانی کۆشتنی خۆپیشاندەران بکرێت، ئەوانەی بەرپرسیار سزا بدرێن و کەسوکاری کوژراوەکانیش قەرەبوو بکرێنەوە، لەگەڵ ئەمەشدا هێزەکانی  تورکیا لە شارەکە دەربکرێن و ئیئتلافی سووریا و حکوومەتی کاتی لە ژێر هەژموونی تورکیا دەربهێنرێن".

ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا ماوەیەکە بووەتە بابەتی گەرمی مێدیا و ناوچەکە، هەڵوێستی تورکیا ڕوون بووەتەوە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا پێشوازیی لە هەر هەنگاوێکی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان دەکات و بۆ ئەمەش چاوەڕێی ڕەزامەندی نواندنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا دەکات.

ئەردۆغان پاش سەیرکردنی یاریی نێوان هەڵبژاردەی تورکیا و هۆڵەندا، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا بۆ وڵاتەکەی لە نێو فڕۆکەدا بە رۆژنامەوانانی گوتووە:"دەمەوێت پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا وەک پێشتر ئاسایی بکەمەوە، بۆ ئەمەش چاوەڕێی هەنگاوی بەشار ئەسەدم."

20ی ئاداری 2018 گرووپە میلیشیاکان بە پشتوانی تورکیا، عەفرین و دەوروبەریان داگیر کرد، بەهۆیەوە  دەیان هەزار هاووڵاتیی کورد لەو شارە ئاوارە بوون و تاوەکوو ئێستاش ئاوارەی عەرەبی ناوچەکانی دیکەی سووریا لەسەر موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی کورد نیشتەجێ کراون، کە بەگوێرەی سەنتەری ئەورووپایی بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی لە جندرێسی سەر بەعەفرین، هەشت هەزار 883 خێزانی کورد لە عەفرین ماون لە بەرانبەردا 42 هەزار خێزانی عەرەبی خەڵکی دیمەشق و پارێزگای ئیدلیب و ناوچەکانی دیکەی سووریا لە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی کورد نیشتەجێ کراون.