هەسەدە لە ڕفاندن و چەکدارکردنی منداڵان بەردەوامە

ئەو چوار مێردمنداڵەی لەلایەن تەڤگەری گەنجانی پەیەدە ڕفێندراون
ئەو چوار مێردمنداڵەی لەلایەن تەڤگەری گەنجانی پەیەدە ڕفێندراون

کەمتر لە 24 کاتژمێر چەکدارانی تەڤگەری گەنجانی بەناو شۆڕشگێڕ، لە قامیشلی و حەسەکە چوار مێرمنداڵیان ڕفاند و ڕێکخراوێکی داکۆکیکاریش لە مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ئاشکرای کرد، هەر چوار مێردمنداڵەکە خراونەتە ڕیزی چەکدارانی یەپەکە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا بڵاویکردووتەوە، تەڤگەڕی گەنجانی شۆڕشگێڕ کە سەر بە پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)یە، سێ منداڵیان لە گەڕەکی زهوری قامیشلۆ ڕفاندووە و لە سەربازگەکانی ڕێکخراوەکە مەشقی چەکداریان پێ دەکرێت بۆ ئەوەی بخرێنە ڕیزی هێزە چەکدارەکان.

بەگوێرەی زانیارەکانی بڵاوکراوەتەوە، منداڵەکان تەمەنیان لە نێوان 12 بۆ 13 ساڵانە و خێزانەکانیشیان لە هەموو شوێنێک و تەنانەت لە دامەزراوەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر سۆراخی منداڵەکانیان پرسیووە بەڵام هیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوتووە و کە هەوڵەکانیان شکستیان هێناوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا کەیسێکی دیکەی هاوشێوەی ئاشکرا کردووە، کە مێرمنداڵێکی دیکەی 13 ساڵان لە چوار ڕییانی مێرشۆ لە حەسەکە، ڕفێندراوە کە خێزانەکەی دانیشتووی گەڕەکی نەسرەیە و تاوەکوو ئێستاش هیچ زانیارییەک لە بارەی چارەنووسی مێردمنداڵەکە نەزانراوە.

ڕێکخراوە داکۆکیکارەکەی مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی داوە "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەرەڕای هۆشداریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و بە تایبەت منداڵان، بەڵام لە ڕفاندنی منداڵان و چەکدارکردنیان هەر بەردەوامە و پێشلی مافەکانی مرۆڤ دەکات".

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکی تایبەت دەربارەی بازرگانیی بە مرۆڤ، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی تاوانبارکردووە بە ڕفاندن و چەکدارکردنی منداڵان و مەشق پێکردنیان لە سەربازگەکاندا.

هەروەها فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە ساڵی 2019 ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیمزا کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ڕفاندنی منداڵان و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، سەرەڕای بەڵێنەکان و کۆتاییهێنان بە ڕفاندن و چەکدارکردنی منداڵان، بەڵام هەسەدە لە ساڵی ڕابردوودا 232 منداڵی لە ڕیزی هێزەکانی چەکدار کردووە و ئێستاس لە ڕفاندن و چەکدارکردنی منداڵان هەر بەردەوامە.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی داوە، کە هەسەدە پابەندی بەڵێنی گەڕاندنەوەی منداڵە ڕفێندراوەکان بۆ نێو خێزانەکان نەبووە.