ساڵح نەجیب: ڕێژەی بەبیابانبوونی خاکی عێراق لە زیادبووندایە

ساڵح نەجیب، شارەزای ژینگەیی و كەشوهەوا
ساڵح نەجیب، شارەزای ژینگەیی و كەشوهەوا

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی ژینگەیی و كەشوهەوا، ئاماژە بەوە دەکات، عێراق 27% خاکەکەی بیابانە، بەڵام بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا ئەو ڕێژەیە بەرز دەبێتەوە بۆ %60 کە ئەمەش کارەساتێکی زۆر گەورەیە.

ساڵح نەجیب، شارەزای ژینگەیی و كەشوهەوا، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: هەڵەکەوتەی جوگرافی عێراق فاکتەرێکی گرنگە لەوەی عێراق یەکێک بێت لە وڵاتە هەستیارەکان لە کۆی حەوت وڵاتی ناوچەکە کە کارتێکراون بە دیاردەی خۆڵبارین.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، عێراق 27% خاکەکەی بیابانە، بەڵام بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا ئەو ڕێژەیە بەرز دەبێتەوە بۆ 60% کە ئەمەش کارەساتێکی زۆر گەورەیە و، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە عێراق هیچ هەنگاوێکی نەناوە بەو ئاراستەیەی کە ڕێژەی سەوزایی زیاد بکات.

جەختی لەوە کردەوە، عێراق دووچاری گرفتی گەورە بووەتەوە و خاکەکەی تووشی لەناوچوون بووە. ساڵح نەجیب، دەڵێت: یەکێک لە لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئەوەیە بەشێکی زۆر لە خاک بەرەو بیابانبوون دەچێت.

هاوکات گوتیشی: پێشبینی دەکرێت عێراق تا ساڵی 2050، لە ساڵێکدا 300 ڕۆژی ڕووبەڕووی دیاردەی خۆڵبارین و تۆز ببێتەوە.

عێراق له‌ حەوتەم ریزبه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌یه‌، كه‌ زۆرترین زیانلێکەوتووی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵین، شه‌پۆلی خۆڵبارین و گەردەلوولەکان له‌و وڵاته‌ بوونه‌ته‌ هۆی زیانێكی گه‌وره‌، له‌وانه‌ش وه‌ستانی گه‌شتی ئاسمانی و تێكچوونی ته‌ندروستیی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كێشه‌ی هه‌ناسه‌دانیان هه‌یه