گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە دەروازەی بابولهەوا بۆ شەش مانگی دیکە درێژ کرایەوە
نووسینگەی هەماهەنگیی کارە مرۆییەکان (HAC) ڕایگەیاند، لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتوون گەیاندنی هاوکارییەکان لە ڕێگەی دەروازەی سنووری بابولهەوا بۆ باکووری سووریا، بۆ شەش مانگی دیکە بەردەوام بێت.
نووسینگەکە بڵاویکردووتەوە، دوای زنجیرەیەک دیدار و گۆڕینەوەی پەیام لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دواجار بڕیار درا کارئاسانی پێویست بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان لە ناوچەکە بکرێت بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ باکووری سووریا.
هەر لە ڕاگەیاندنی نووسینگەی هەماهەنگی کاری مرۆیی هاتووە، ئاسایشی سنوورەکان دەستەبەر دەکرێت بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان تاوەکوو 13ی کانوونی دووەمی 2025.
هەروەها ئاماژەی داوە لە 9ی کانوونی یەکەمی 2023 تاوەکوو ئەمڕۆ زیاتر لە 500 هاوکاریی مرۆیی گەیەندراوەتە ناوچەکانی باکووری سووریا.
دەروازەی بابولهەوا، دەروازەیەکی نێودەوڵەتیی سنوورییە لە نێوان تورکیا و سووریا، دەکەوێتە سەر ڕێگەی خێرای M45ی شاری حەلەبی سووریا و ڕێگەی D827ی شاری ئیسکەندەروونی تورکیا.