ترەمپ لە هەوڵێکی تیرۆرکران ڕزگاری بوو

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا

 شەممە، 13ی تەممووز 2024، نزیک کاتژمێر7:00ـی ئێوارە بە کاتی پێنسلڤانیا، لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ کرا، لە کاتێكدا  کە خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرقاڵی قسەکردن بووە، بۆ هەوادارانی لە ئەنجامدا بریندار بوو.

دوابەدوای تەقەکە، لێکۆڵینەوە لە هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ترەمپ دەستی پێ کردووە و سەرچاوە ئەمنییەکانیش دەڵێن، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریان خستووە کە تەقەکەرەکە لە دەرەوەی شوێنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ بووە، لە ئەنجامدا بووەتە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی کەسێکی دیکە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەی دیکە دەڵین، ئەوەی مردووە تەقەکەرەکە بووە".

لای خۆیەوە ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی تەمموزی 2024، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دوای تەقەکردن لەسەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە شاری باتلەر لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەپەلە پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە کرد.

دواتر جۆو بایدن هاتە دەنگ و گوتی، "لە ئەمەریکادا جێگەی ئەم جۆرە توندوتیژییە نییە، پێویستە وەک یەک نەتەوە یەک بگرین".

کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاوی دەکاتەوە، بایدن لەگەڵ جۆش شاپیرۆ، پارێزگاری ویلایەتی پێنسیلڤانیا و بۆب داندۆی سەرۆکی شارەوانی باتلەر قسەی کردووە.

هەروەها بەرپرسێکی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بایدن بەخێرایی گەڕاوەتەوە واشنتۆن دی سی، لەوێدا زانیاریی نوێ لە بەرپرسانی ئاسایشی ناوخۆ و جێبەجێکردنی یاسا لە کۆشکی سپی وەردەگرێت.

گوتەبێژی ترەمپ ڕایگەیاند، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا "باشە"،گولـلەکە بەر بەشی سەرەوەی گوێی ڕاستی کەوتووە؛ دەزگای هەواڵگریش ڕایگەیاندووە کە سەلامەتە.

هەروەها باراک ئۆباما لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پۆستێکی کردووە و دەڵێت "لە ناو دیموکراسیدا توندوتیژی نییە، وە جارێ بە تەواوی نازانین چی ڕووی داوە، پێویستە هەموومان سوپاسگوزاربین کە ترەمپ بە سەختی بریندار نەبووە و من و میشێل هیوای چاک بوونەوەی خێرای بۆ دەخوازین".

ملیاردێری ئەمەریکی ئیلۆن مەسک، دوای هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت "من بە تەواوی پشتگیریی لە سەرۆک ترامپ دەکەم و هیوادارم زوو چاک بێتەوە".

لای خۆیانەوە سەرکردە جیهانییەکانیش هەوڵی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ ئیدانە دەکەن 
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا سەبارەت بە هێرشکردنە سەر دۆناڵد ترەمپ گوتی، "هیچ جێگەیەک بۆ توندتویژی سیاسی نابێت هەبێت".


هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "ئێمە شۆک بووین کاتێک ڕووداوەکەمان بینی".

فۆمیۆ کیشیدا، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ڕایگەیاند، نابێت ڕێگە بدەین هیچ جۆرە توندوتیژییەک هەڕەشە لەسەر دیموکراسی دروست بکات.

ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا سەرباری ناردنی سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانییەکانی ڕووداوەکە گووتی، دڵ و نزاکانمان لەگەڵ سەرۆک ترەمپە.