ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد: هەڵبژاردنی گشتیی سووریا هیچ ڕەوایەتییەکی نییە
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی سووریا بڵاوکردەوە و پرۆسەکە بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانێت و ڕایدەگەیەنێت "پرۆسەیەکی نایاسایی و هیچ ڕەوایەتییەکی نییە، چونکە ئەنجامەکانی ئاشکران لەبەرژەوەندی چ لایەنێکە".
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد ڕایگەیاندووە "ڕژێمی سووریا بەم هەڵبژاردنە هەوڵەکانی خۆ سەپێنی بەسەر دەسەڵات درێژە پێدەدات و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ چارەکردنی شەڕی ناوخۆیی و پرسی سیاسیی سووریا پشتگوێ دەخات".
هەروا ئاماژەی داوە، بە گوێرەی بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت هەڵبژاردن پرۆسەیەکی بێخەوش بێت و سەرتاسەری سووریا بگرێتەوە، بەڵام هەڵبژاردنی ئەم جارە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە زۆرینەی خەڵکی سووریا یان پەنابەری وڵاتان بوون، یان لە ئاوارەیی و کۆچبەریدان، هەربۆیە پرۆسەیەکی نایاساییە و پێچەوانەی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ڕاشیگەیاندووە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە ڕوون و ئاشكرایە کە لەبەرژوەندیی پارتی بەعس و هاوپەیمانییەکانیدایە.
ئەمڕۆ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیی حکوومەتی سووریا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمان)ی سووریا بەڕێوە دەچێت کە لە دوای 2011 و ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆیی سووریا، ئەمە چوارمین خولی هەڵبژاردنە لە سنووری دەسەڵاتی ڕژێمی سووریا بەڕێوە دەچێت.