تورکیا بۆ شادبوونەوە بە سووریا ڕۆڵی عێراق پشتگوێ دەخات
ئەنقەرە ڕۆڵی عێراق سەبارەت بە نزیکردنەوەی سووریا و تورکیا، نادیدە دەگرێت، دەیەوێت هەنگاوەکان خێراتر بن بۆ ئەمەش چاوی لەوەیە سعوودیە و ڕووسیا هەنگاوی گرنگ و کاریگەر بنێن.
لە دوای ڕاسپاردەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی تاوەکوو ئامادەکاری و ڕێکخستنی دیداری تایبەت لەگەڵ بەشار ئەسەد، فیدان ڕێگەی ڕیاز و مۆسکۆ دەگرێتە بەر.
بەم دواییانە پرسی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا بووەتە ڕۆژەڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراقیش ئامادەیی خۆی نیشان داوە ببێتە پردی پێکەوەبەستن و کۆبوونەوەکانی دیمەشق و ئەنقەرە، بەڵام پێناچێت ئەو پەیوەندییەی نزیکەی 13 ساڵە پچڕاوە هێندە بە ئاسانی ئاسایی بکرێتەوە و گڕی بدرێتەوە.
لە دوایین پێشهاتدا سەبارەت بەم پرسە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژانامەوانیدا لەگەڵ هاوتا سعوودییەکەی ڕایگەیاند، چاوەڕوانە سعوودیە و رووسیا ڕۆڵێکی بنیاتنەرانە لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق بگێڕن.
تاوەکوو ئێستا عەوداڵی و هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سووریا وەک عەشقێکی تاکلایەنەیە و بەهۆی بێدەنگیی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، ئاسۆیەکی لێ هەڵنەهاتووە.
فیدان لە قسەکانیدا ڕۆڵی عێراقی لە ڕێکخستنی دانیشتنی بەرپرسانی سووریا و تورکیا لە بەغدا نادیدە گرت، بە تایبەتی دوای هەوڵ و کۆبوونەوەکانی فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە واشنتن.
عێراق دەیەوێت نیازپاکی خۆی بنونێت و هەمان سیناریۆی ساڵی 2021 بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە دووبارە بکاتەوە، ئێستا هەوڵ دەدات ببێتە نێوەندگیرە خەمخۆرەکەی لەیەک نزیکردنەوەی سووریا و تورکیا؛ بەڵام ئەو کاتیش دوای میوانداریکردنی چوار گەڕی دانووستانی ئێران و سعوودیە لە بەغدا، بەڵام ئیمزا کردنی ئاسایکردنەوەی پەیوەندیی تاران و ڕیاز لە بێنجینی پایتەختی چین کراو لەوێشەوە ڕاکەڕاکەی نێوەندگیریی عێراق فەرامۆش کرا.
هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووتەوە، ڕووسیا نایەوێت بەغدا ببێتە ناوەندی لەیەکنزیکبوونەوەی سووریا و تورکیا و ئاسایی کردنەوەی، چونکە مۆسکۆ نیگەرانە و دەیەوێت هەر جۆرە لەیەک نزیکبوونەوەیەکی بەشار ئەسەد و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەسەر پەرشتیی ڕووسیا بێت، بۆ ئەوەی پێگە و هەژموونی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەق نەبێت.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی سووریا 13ی ئەم مانگە گەڕانەوەی دۆخەکەی بۆ پێش 2011 وەک مەرجی پێشوەختەی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئەنقەرە داناوە. ئەمەش واتە دەرچوونی تەواوی هێزەکانی تورکیا لە عەفرین و ئەو ناوچانەی لە سووریا کۆنترۆڵی کردوون و ڕادەستکردنەوەیان بە سوپای سووریا، لەم حاڵەتەشدا دەبێت تورکیا پشت بکاتە گرووپە میلیشیانەی سووریا کە تاوەکوو ئێستا پشتیوانیان دەکات.