تۆڕێكی قاچاخچی بە تۆمەتی گواستنەوەی سەدان کۆچبەری کورد بۆ بەریتانیا سزا دەدرێن

تۆڕی قاچاخچیان
تۆڕی قاچاخچیان

دادگایەكی شاری نیوکاسل لە بەریتانیا شەش كەسی بە تۆمەتی قاچاخچێتی و گواستنەوەی نایاسایی سەدان کۆچبەری کوردی باشووری كوردستان بۆ بەریتانیا سزادا، بەڵام ئاماژە بە جۆری سزاكە نەدراوە.

ئاژانسی نیشتمانی تاوان لە بەریتانیا، بڵاویكردەوە، شەش تۆمەتبارەکە كە كوردیشی تێدایە بە ناوەكانی محەمەد زادە، پارێز عەبدوڵڵا، خالید مەحمود، بێستون موسڵح و گۆربرێت سینگ و ماریك سوشانیچ، بەشێک بوون لە تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە كە بنکەکەیان لە شاری تیسایدی بەریتانیا بوو، پێشتر لەساڵی 2017 لەبەرامبەر وەرگرتنی 5 هەزار تا 10 هەزار پاوەند چەندین كەسیان بە قاچاخ بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە.

تاوانباران بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئوتۆمبێل و بارهەڵگرەكاندا، چەندین كۆچبەریان بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە، كۆچبەرەكان لە وڵاتانی فەرەنسا، بەلجیکا و هۆڵەنداوە هەڵگیراون و ئاودیوی بەریتانیا كراون.

پێشتریش لەساڵی 2018 ئاژانسەكە بڵاویكردبووەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دژی تۆڕێکی گومانلێکراوی تاوان، 21 گومانلێکراو کە بە رەگەز کوردن و تۆمەتبارن بە گواستنەوەی نایاسایی سەدان کوردی باشووری كوردستان لە بەریتانیا دەستگیر كراون.