لە ئاستی تورکیا بەرزترین ژمارەی بێکاریی لە جۆلەمێرگ تۆمار کراوە

بە گوێرەی تازەترین ڕاپۆرت و ئاماری دامەزراوەی ئاماری فەرمی تورکیا کە (تویک) ناسراوە، لە ئاستی پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان، پارێزگای جۆلەمێرگ بەرزترین ژمارەی بێکاریی تێدا تۆمار کراوە.

دامەزراوەی تویک، لە تازەترین ڕاپۆرتیدا ئامارەکانی بێکاریی لە ساڵی 2023 بڵاو کردووەتەوە، کە بە گوێرەی ئامارەکان بە ڕێژەی %23.3 بەرزترین ژمارەی بێکاریی لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان تۆمار کراوە، بە پێچەوانەشەوە کەمترین ژمارەی بێکاریی لە سینۆپ بووە کە ڕێژەکەی 4.8% بووە.

هەروەها دامەزراوەکە، پێوانەی تێکڕای بێکاریی لە سەرانسەری تورکیا بۆ ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی %9.4 دیاری کردووە. هەر لە ڕاپۆرتەکەی تویک، هاتووە: ڕێژەی دامەزراندن بۆ ساڵی 2023 بە %48.3 مەزەندە کراوە، کە زۆرترین ژمارەی دامەزراندن لە ئاستی پارێزگاکانی تورکیا بە ڕێژەی %58.2 لە ئەردەخان و کەمترین ژمارەش لە پارێزگای سێرتی باکووری کوردستان بووە کە ڕێژەی %35.5 ی کۆی گشتیی دامەزراندنی لە تورکیا پێک هێناوە.