ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی کۆچ: لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەی بەلەمێک 40 کۆچبەر گیانیان سپارد
ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگر لە بەلەمێک کەوتووەتەوە، 40 کۆچبەری هایتیی لە دەریادا گیانیان سپارد، 40 کۆچبەریش ڕزگار کراون.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە هایتی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەلەمەکە زیاتر لە 80 کەسی هەڵگرتبوو، لە فۆرت سانت میشێل لە باکووری هایتیەوە بەرەو دوورگەکانی تورکس و کایکۆس دەچوو.
ئاماژەی بەوەش دا، 40 کۆچبەر لە ئاگرەکە ڕزگاریان بووە و لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی هایتیەوە ڕزگار کراون. ئێستا لە ژێر چاودێریدان، هەروەها ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ یارمەتییان پێشکەش دەکات و 11 کەسیان گواستراونەتەوە بۆ نزیکترین نەخۆشخانە.
جان هێنری پێتی، سەرۆکی فەرمانگەی پاراستنی مەدەنی لە باکووری هایتی بە ڕۆژنامەی "میامی هیراڵد"ـی ڕاگەیاند، ئەوانەی ناو بەلەمەکە بۆ ئەوەی بەسەلامەتی تێپەڕن، ڕێوەڕسمێکیان کردووە و مۆمیان داگیرساندووە، بۆ ئەوەش شخارتەیان بەکارهێناوە، هەر ئەمەش وای کردووە بەرمیلەکانی بەنزینی ناو بەلەمەکە ئاگر بگرن و بتەقنەوە.
گریگوار گودستین، سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە هایتی، لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "ئەم ڕووداوە وێرانکەرە تیشک دەخاتە سەر ئەو مەترسیانەی کە ڕووبەڕووی منداڵان و ئافرەتان و پیاوان دەبێتەوە کە لە ڕێگەی نایاساییەوە کۆچ دەکەن."
گودستین، جەختی کردەوە، بەهۆی توندوتیژییەکانی باندەکانەوە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە هایتی کراوە، وای کردووە خەڵکی هایتی لە وڵاتەکە هەڵبێن.
توندوتیژیی باندەکان وای کردووە، نزیکەی 600 هەزار کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە ببن. پێنج ملیۆن کەسیش ڕووبەڕووی کەمی و خراپیی خۆراک بوونەتەوە.
سەرەڕای ڕەخنەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، وڵاتانی دراوسێ بەردەوام بوون لە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی هایتی بۆ وڵاتەکەیان، لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 217 هەزار کەسیان گەڕاندەوە هایتی، کە زۆربەیان لە کۆماری دۆمینیکانەوە بوون، کە تاکە دراوسێی وشکانی هایتییە.
بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، زیاتر لە سێ هەزار و 300 هاووڵاتی هایتی لە خاکی تورکس و کایکۆسی بەریتانیا، زیاتر لە دوو هەزار لە دورگەی باهاما و نزیکەی هەزار و 900 هاووڵاتیش لە ئەمەریکاوە دیپۆرت کراونەتەوە.