محه‌ممه‌د ئیسماعیل: ڕه‌فتاره‌كانی په‌یه‌ده‌ گفتوگۆی كوردی – كوردی له‌ سووریا ڕاگرتووه‌

محه‌ممه‌د ئیسماعیل
محه‌ممه‌د ئیسماعیل

سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بۆ هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی ئاشته‌وایی و گفتوگۆی كوردی – كوردی له‌ سووریا ئاماده‌ن و پێشوازیی لێ ده‌كه‌ن.

چوارشه‌ممه‌، 24ـی ته‌ممووزی 2024، محه‌ممه‌د ئیسماعیل، سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا به‌ كوردستان24ـی ڕاگه‌یاند، بۆ هه‌ر هه‌وڵ و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆی كوردی – كوردی ئاماده‌ن و پێشوازیی لێ ده‌كه‌ن، نه‌خاسمه‌ كه‌ ته‌كانێك به‌ پرسی كورد له‌ سووریا ده‌دات و یه‌كگرتوویی هه‌ڵوێستیان ده‌خاته‌ ڕوو.

محه‌ممه‌د ئیسماعیل ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد "هه‌نگاوگه‌لێك له‌م باره‌یه‌وه‌ نرا، به‌ڵام تا ئێستا ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ كه‌ی ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌وه‌ی له‌ باره‌یشه‌وه‌ ده‌گوترێت، زیاتر له‌ مێدیا باس ده‌كرێت".

سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا باسی له‌وه‌ش كرد "ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له‌م باره‌وه‌ ئاماده‌یی خۆیان نیشان داوه‌، هاوكات پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا و ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردی سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌)ـیش ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه‌".

محه‌ممه‌د ئیسماعیل هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد "ئه‌وان هه‌موو كات ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كهه‌ڵوێستیی كورد له‌ سووریا دروست ببێت و داهاتووی له‌و وڵاته‌ دیاریی بكرێت".

ناوبراو گوتیشی: تا ئێسته‌ په‌یه‌ده‌ هه‌نگاوێكی جیددی بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ نه‌ناوه‌ و ژینگه‌یه‌كی له‌ باری دروست نه‌كردووه‌، به‌ڵكوو ڕه‌فتاره‌ تونده‌كانی به‌تایبه‌ت سووتاندنی ئۆفێسه‌كانی په‌ده‌كه‌سه‌ و ئه‌نه‌كه‌سه‌ و گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانیانی، پرۆسه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ی دوا خست و به‌ ناڕوونی هێشتوویه‌تییه‌وه‌.