سامان بەرزنجی: لە کابینەی نۆیەم بنەمای یاسایی بۆ کەرتی تایبەت لە بواری تەندروستی دانرا

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: خزمەتگوزاریی تەندروستی لە هەرێم لە ئاستێکی زۆر باش دایە، هەروەها لە کابینەی نۆیەم نرخ و کوالێتی دەرمان کۆنترۆڵ کرا. گوتیشی: کاری جوانکاری و نەشتەرگەریی لە ئاریشتگەکان قەدەغەیە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەیکەین دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستی و نەهێشتنی کەوتنی کەرتی تەندروستییە، هەروەها کەرتەکەمان فراوانتر کردووە و چاکسازیشمان تێیدا کردووە.

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، سەرباری قەیرانەکان لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بەردەوام بوون، هاوکات دەڵێت: خزمەتگوزاریی تەندروستی لە هەرێم لە ئاستێکی زۆر باش دایە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: کەرتی تایبەت رۆڵێکی گرنگی لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان هەیە، هەروەها لە سەردەمی کابینەی نۆیەم بۆ یەکەم جار بنەمایەکی یاساییان بۆ کەرتی تایبەت دانا.

لەبارەی دروستکردنی نەخۆشخانە، بەرزنجی دەڵێت: لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە کەرتی گشتی 12 نەخۆشخانە لە هەرێمی کوردستان دروست کراون. 10 سەنتەری پسپۆری و 28 بنکەی تەندروستی لە هەرێم کراونەتەوە، هەروەها 8 نەخۆشخانەی تایبەت لە هەرێمی کوردستان دروست کراون.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، وایان کردووە کەرتی تایبەت ببێتە بەشێک لە تەواوکەری سیستەمی تەندروستی بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتییان.

بەرزنجی باسی لە پرۆژەی هەژماری من کرد و گوتی: "وەزارەتی تەندروستی یەکەم وەزارەت بوو خزمەتگوزارییەکانی "هەژماری من"ـی بۆ مووچەخۆران دابینکرد و کارتیی بانکیی بۆ بەشێکیان کارا کراوە، هەروەها زۆرترین فەرمانبەری وەزارەتەکەمان خۆیان لە پرۆژەکە تۆمار کردووە"

لەبارەی نەشتەرگەریی جوانکاری و بڕینی گەدە، سامان بەرزنجی، دەڵێت: "بۆ ماوەی نزیکەی شەش مانگ ئەو پرۆسەیەمان لە کەرتی تایبەت ڕاگرت، دواتر پێوەری زۆر توندمان بۆیان دانا، هەروەها چەندین مەرجمان بۆیان دانا بۆ ئەو نەشتەرگەرییانە، توانیمان لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵی پرۆسەکە بکەین."

هاوکات گوتیشی: نابێت نەشتەرگەری جوانکاری و هاوشێوەکانی لە ئاریشتگەکان بکرێت چونکە نایاساییە، تەنیا دەبێت لەو سەنتەرانە بکرێت کە پزیشکی پسپۆری لێیە، هەر ئاریشتگەیەکیش ئەو کارە بکات دادەخرێت و لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەنەکەیدا دەکرێت.

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، باسی لە نرخی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان و نەشتەرگەری کرد و ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمدا لە کەرتی تەندروستیدا نرخی دەرمان، نەشتەرگەری پێداویستی پزیشکی زیاد نەکراوە و، نرخەکان لە چاو پێشتر هەرزان کراوە.

ڕاشیگەیاند: ئەو شۆڕشی چاکسازییەی لە کابینەی نۆیەم لە دەرماندا کراوە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا نەکراوە و شانازی پێوە دەکەن. جەختی لەوەش کردەوە، نرخی دەرمان هەرزان کراوە و کوالێتییەکەشی زۆر باشە هەمووی ستیکەری پێوەیە و ساختە ناکرێت.

روونی کردەوە، بە نووسراو هەموو خاوەنی کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانەکان ئاگادار کراونەتەوە، کە نابێت هیچ دەرمانێکی بێ ستیکەریان هەبێت چونکە نایاساییە و تاوانە.