لانە شێخ مەموندی: ڕێژەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستاندا کەمبووەتەوە

لانە شێخ مەموندی، بەرپرسی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان
لانە شێخ مەموندی، بەرپرسی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان ئاماژە بەوە دەکات، لە کابینەی نۆیەمدا پلانێکی زۆر تۆکمە داڕێژراوە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن، بە زووترین کات دەستگیر بکرێن.

لانە شێخ مەموندی، بەرپرسی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگادارن لەوەی کە یاسایەک هەیە باس لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەکات، بەم جۆرەش توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە.

بەرپرسی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، ئاماژەی بەوە کرد: ئەو کەسانەی بە تاوانی کووشتنی شەڕەف لە هەرێمی کوردستان ئافرەتان دەکووژن هیچ لێخۆشبوونێک نایانگرێتەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی زۆر باشی داڕشتووە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، کە بزانن یاسایەک هەیە لە هەرێمی کوردستان، ئەویش یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتانە، ئەو یاسایە تا ئێستە لە عێراق بوونی نییە.

لانە شێخ مەموندی، گوتی: لە کابینەی نۆیەمدا پلانێکی زۆر تۆکمە داڕێژراوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ئەو کەسانەی کە تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن دەستگیر بکرێن.

لەبارەی شێڵتەری ئافرەتانەوە، ناوبراو، دەڵێت: لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک شێڵتەر هەن کە تایبەتە بەو ئافرەتانەی هەڕەشەی کووشتنیان لێ کراوە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو شێڵتەرانە دروست کراون ئەو ئافرەتانەی لێ داڵدە دەدرێن کە هیچ شوێن و پەناگەیەکیان نییە تا یەکلایی کردنەوەی کێشەکانیان.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی لە ڕاپۆرتێکدا دەربارەی مافەکانی ئافرەتان ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان ژمارەیەک هەنگاوی ئەرێنی لە ڕووی دەرکردنی یاساوە ناوە بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەشڵێت، لە هەرێمی کوردستان پەناگەی کاتی و هەمیشەیی بۆ داڵدەدانی ئەو ئافرەتانە هەن کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی ژمارەیەک ڕێنمایی و ڕاسپاردەی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ باشترکردنی دۆخی ئافرەتان لەوانەش: ئەوانەی توندوتیژی خێزانی دەکەن بەزوویی دەستگیر بکرێن، مەرجی تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر قوربانیاینی توندوتیژی خێزانی لادەن و پەناگەی زیاتر بۆ ئەو ئافرەتانە دابینبکەن کە ڕووبەڕووی توندوتژی دەبنەوە.