چاره‌نووسی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌

ئاڵای وڵاتانی بەشدار لە دانووستان
ئاڵای وڵاتانی بەشدار لە دانووستان

K24 – هەولێر:

لە ساڵی 2015ـدا وڵاتانی پێنج کۆ یەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێککەوتننامەیەکیان ئیمزا کرد کە ئامانج لەم ڕێککەوتنە کۆنترۆڵی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بوو لە بەرانبەریشدا دەبوو وڵاتانی ڕۆژئاوایی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئەم وڵاتە لابدەن.

لە ساڵی 2018ـدا سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا، وڵاتەکەی لە ڕێککەوتننامەکە کشاندەوە و هەوڵەکانی کابینەی جۆ بایدنیش بۆ زیندووکردنەوەی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بێ ئه‌نجام بوون.

ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی کە بە فەرمی ناوی پلانی گشتگیری هەنگاوی هاوبەشە و کورتکراوەکەی دەبێتە جەی سی پی ئۆ ئەی، لە نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆیەکدا واژۆ کرا کە لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا پێکهاتبوو.

دانوستانەکان بۆ ئەم ڕێککەوتنە لە 24ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2013 لە شاری جنێڤی سویسرا دەستی پێ کرد. دانوستانەکان 20 مانگیان خایاند و لە کۆتاییدا لە 14ـی تەمموزی ساڵی 2015، ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە شاری لۆزانی سویسرا ڕاگەیاندرا.

لەو کاتەدا لە ئێران حەسەن ڕۆحانیی میانەڕەو سەرۆککۆمار بوو و محەممەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی سەرۆکایەتیی شاندی دانوستانکاری ئێرانی دەکرد. لە ئەمریکاش باراک ئۆبامای دیموکرات سەرۆک بوو و جۆن کیریی وەزیری دەرەوە، سەرۆکایەتیی شاندەکەی ئەمەریکای دەکرد.

ڕێککەوتننامەکە لە هەردوو وڵات دژبەریشی هەبوون. لە ئێران بناژۆخوازان کە زۆرینەی پەرلەمانیان بە دەستەوە بوو و لە ئەمەریکاش کۆماریخوازەکان کە ئەوکات زۆرینەی سیناتیان لەدەستدا بوو.

ساڵی 2017 دۆناڵد ترامپ کە یەکێک لە سەرسەختترین دژبەرانی ڕێککەوتنەکە بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا و لە ساڵی 2018ـدا کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتننامەکەی ڕاگەیاند.

لە بەرانبەردا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێنج قۆناغ پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتننامەکەی کەم کردەوە و دەستی کردەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم. بناژۆخوازانی پەرلەمانی یاسای ستراتیژیی لادانی گەمارۆکانیان پەسەند کرد کە بە گوتەی سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران تا ئێستا ڕێگەی لە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەکە گرتووە.

دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی پاش ئەوەی دیموکراتەکان سەرۆکایەتیی ئەمەریکایان بە دەستەوە گرت لە نێوان کابینەی جۆ بایدن و کابینەی حەسەن ڕۆحانیدا دەستی پێ کرد. بەڵام بەرلەوەی دانوستانەکان بگەنە ئەنجام، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە ئێران بەڕێوە چوو و بە هاتنە سەر دەسەڵاتی ئیبراهیم ڕەئیسی، دانوستانەکان بۆ چەندین مانگ ڕاگیران.

لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2021، کابینەی ڕەئیسی بە کۆمەڵێک مەرجی نوێ دەستی کردەوە بە دانوستان و ئەو دانوستانانە نزیک ساڵێک و تا کاتی دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لە ئێران بەردەوام بوون بەڵام هیچ دەسەکەوتێکیان نەبوو.