جووتیارانی عەفرین: بەرهەممان کەمی کردووە و کەس هاوکاریمان ناکات
جووتیارانی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان داوای هاوکاریی لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەکەن و دەڵێن، بەرهەمی شووتیی ئەمساڵیان زۆر کەمی کردووە.
بەرهەمی شووتیی ئەمساڵی گوندی جەمەلەی سەر بە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، بە گوێرەی چاوەڕوانیی جووتیارانی ناوچەکە نەبوو؛ جووتیاران هۆیەکەی بۆ نەبوونی پاڵپشتیی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بۆ کارەکەیان دەگەڕێننەوە.
مستەفا حەموو، جووتیارێکی گوندەکەیە و دەڵێت، "ئەمساڵ ڕێژەی باران زۆر بوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی ناوچەکە هیچ هاوکارییەکی نەکردین، ئەمەش وای کرد بەرهەمی شووتی بەپێی خواستی ئێمە نەبێت و بەروارد بە ساڵی ڕابردوو کەمتر بێت".
لە لایەکی دیکەوە جووتیاران گلەیی لە سەختیی پەیداکردنی دەرمانی لەناوبەر دەکەن و داوا لە ڕێکخراو و دەسەڵاتداران دەکەن پاڵپشتی لە کەرتی کشتوکاڵ و جووتیارانی ناوچەکە بکەن.
جووتیار عەبدوو ئۆمری دەڵێت: ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆری باران باری و مێروو و گەزەندە لە کێڵگەکەمانی دا، ئەمەش ناچارمانی کردن دەرمان و پێدوایستیی دیکە بۆ پاراستنی بەرهەمەکە بکڕین. هیچ لایەنێک هاوکاریمان ناکات، داوا لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەکەین هاوکارمان بن، چونکە ئەمساڵ زیانێکی زۆرمان بەرکەوت.
لە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان ساڵانە چەندین جۆر بەرهەمی جیاوازی کشتوکاڵی دەچێندرێت. پێش ساڵی 2018، بەرهەمە جۆراجۆرەکانی ناوچەکە هەناردەی پارێزگاکانی سووریا دەکران، بەڵام دوای داگیرکردنی عەفرین، بەرهەمی جووتیاران بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و پاڵپشتیی جووتیارانیش ناکرێت.
بێجگە لەوەی پاڵپشتیی جووتیاران ناکرێت، گرووپە چەکدارەکان کە عەفرینیان داگیر کردووە، ڕۆژانە کۆسپ و ئاستەنگی جیاواز دەخەنە بەردەم کاری جووتیاران و بەردەوام باجیان لێ دەسێنن؛ ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆرینەی جووتیاران واز لە کارەکانیان بهێنن.