هەڵاوسان تەنگی بە تورکیا و باکووری کوردستان هەڵچنیوە
دابەزینی بەهای لیرە و تێکچوونی سیستەمی ئابووری، کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی تورکیا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کۆنفیدراسیۆنی یەکگرتوویی کار و کۆمەڵگە ڕێژەی برسێتی و هەژاری لە ماوەی مانگێکدا لە تورکیا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکردووە، هەموو کاڵا و پێداویستییەکانی ڕۆژانە بەراورد بە مانگی ڕابردوو نرخیان بەرز بووەتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی داوە "هەرچەندە سیاسەتی ئابووری تورکیا 180 پلە گۆڕانی تێدا کراوە، بەڵام بەهۆی هەڵاوسانەوە، گۆڕانەکان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی بەسەر ژیانی هاووڵاتییانەوە نەبووە".
بە گوێرەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی کۆنفیدراسیۆنەکە لەم مانگەدا ڕێژهی برسییهتی و هەژاریی لە تورکیا و باکووری کوردستان زیادی کردووه. خەڵک داوا دەکات ڕێگە چارەیەک بۆ کەمکردنەوە و و نەهێشتنی کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووری بدۆزرێتەوە، چونکە دۆخەکە هێدی هێدی بەرەو مەترسیدارتر بوون، دەچێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لەمانگەدا پێوەری برسییهتی بۆ 20,776 لیرە (630 دۆلار) بەرزبووەتەوە. جگە لەوە پێوەری هەژاری بۆ خێزانێکی چوار کەسی بۆ 62,302 لیرە (1891 دۆلار) بەرز بووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە خۆراکە سەرەتاییەکانی وەک گۆشت و مریشک و ماسی کراوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەماوەی یەک ساڵدا دوو هەزار و 449 لیرە (74 دۆلار) نرخهكانیان بەرزبووەتەوە.
جیا لەوەی نرخی شیر، پەنیر و ماست لە ساڵێکدا هەزار و 817 لیرە (55 دۆلارە) هاتووەتە سەر. لە میوەش دۆخەکە جیاواز نییە لەوانی دیکە، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی داوە، لە ساڵێکدا هەزار و 975 لیرە (60 دۆلار) هاتووەتە سەر نرخەکانیان. لە سەوزەشدا هەزار و 420 لیرە (74 دۆلار) نرخەکانیان زیادی کردووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، هەڵاوسان لە تورکیا 71.60ـە، بەڵام دامەزراوەی ئێناگ کە لە کۆمەڵێک ئابووریناسی سەربەخۆ پێکهاتووە، ڕێژەکە زۆر لەوە زیاترە و مەزندە دەکات %110 بێت.
لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمارەوە ئەو گۆڕانکارییانەی لە سیاسەتی ئابووری تورکیا کراون نەبووەتە فاکتەری دابەزاندنی هەڵاوسان و کەمکردنەوەی قەیران، بەڵکو ئەوەی هەیە درێژەدانە بە سیاسەتی سکهەڵکوشین.