زیاد کاکە ڕەزا: سەرۆکی حکوومەت بە یەک چاو سەیری هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکات
K24 – هەولێر:
ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە یەکەم ڕۆژی دەست بەکاربوونییەوە بڕوای بە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بووە و، ئەو کارەش دەبێتە مایەی پێشکەوتنی هەرێمەکە.
زیاد کاکە ڕەزا، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: دەستپێکردنەوەی پرۆژەکان لە سلێمانی دەبێتە هۆی بووژانەوەیەکی بەرچاوی سنوورەکە، جێگەی دڵخۆشی هاووڵاتییانە. مەسرور بارزانی خۆی بە سەرۆکی حکوومەتی هەموو هەرێمی کوردستان دەزانێت و بە یەک چاو سەیری سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمەکە دەکات.
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، دەڵێت: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بست بە بستی خاکی هەرێمی کوردستان لەلای خۆشەویستە و هەوڵی خزمەتکردن، پێشخستنی و گەشانەوەی دەدات.
لەبارەی لامەرکەزییەتی دارایی و ئیداریی بۆ شاری سلێمانی، ناوبراو، ئاماژەی بەوە دا: یەکێک لە بەندەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بووە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە یەکەم رۆژی دەست بەکاربوونی بڕوای بە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بووە و، ئەو کارەش دەبێتە مایەی پێشکەوتنی وڵات. هاوکات هیوای خواست ئەو شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە ببێتە مایەی زیاتری خزمەتکردنی خەڵکی دەڤەرەکە.
لەبارەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، زیاد کاکە ڕەزا، گوتی: "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پارتێکی سیاسی دایە کە خاوەنی 80 ساڵ خەبات، تێکۆشان و قورابنیدانە بۆ نەتەوەکەمان. وەک پارتی هەمیشە جەختمان لێ کردووەتەوە کە نابێت شەڕ بە سلێمانی بکەین بەڵکو دەبێت شەڕ بۆ سلێمانی بکەین."
سێشەممە 30ـی تەمووزی 2024، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی سنووری سلێمانی کرد و لە ماوەی 30 رۆژدا سەرجەم داواکارییەکانی سنوورەکە جێبەجێ کران.
لای خۆیەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی گوتی: بۆ یەکەم جارە بە درێژایی نۆ کابینەی حکوومەتی هەرێم چەند بڕیارێک بۆ بە لامەرکەزیکردنی سلێمانی لە ڕووی دارایی و کارگێڕییەوە دەردەکرێن.