پارێزگاری دهۆک: پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لەکاتی خۆیاندا تەواو بکرێن

کۆبوونەوەی پارێزگاری دهۆک لەگەڵ دامەزراوە خزمەتگوازرییەکانی سنووری پارێزگاکە
کۆبوونەوەی پارێزگاری دهۆک لەگەڵ دامەزراوە خزمەتگوازرییەکانی سنووری پارێزگاکە

پارێزگاری دهۆک لەگەڵ دامەزراوە و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان جەختی لەوە کردەوە، پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لەکاتی خۆیاندا تەواو بکرێن و بخرێنە خزمەتی هاووڵاتییان.

سێشەممە 30ـی تەممووزی 2024، پارێزگای دهۆک بڵاوی کردەوە، بۆ بەدواداچوون و تەواوکردنی ئەو پرۆژانەی ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندان، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک لەگەڵ تەواوی قایمقام و بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە و دامەزراوەکانی سنووری پارێزگاکە کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان لە تەواوی ناحیە و ناوچە و کۆمەڵگە و گوندەکان بەردەوامە و لەکارە پێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، گوتیشی: لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین پرۆژە لە کەرتە جیاوازەکاندا ڕاگەیاندراون و زۆرینەشیان جێبەجێکراون، هاوکات کار بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانەش دەکرێت کە کاریان تێدا ماوە.

پارێزگاری دهۆک تیشکی خستە سەر ئەوەی، لە ئەمڕۆوە ئەو پرۆژانەی کە سستیان تێکەوتووە بەزووترین کات دەستیان پێ بکرێتەوە، هاوکات پارە بەردەوام و مانگانە بەپێی ڕێژەی جێبەجێکردن بۆ بەڵێندەران خەرج بکرێت، بەتایبەت بۆ ئەو پرۆژانەی کە ڕاستەخۆ پەیوەستن بەژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانەوە.

لەماوەی چوارساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە 930 پرۆژە لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕاگەیەندراون و زۆرترین پرۆژەش ئێستا کەوتوونەتە خزمەت هاووڵاتییان.