حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا: وه‌ڵامی ڕاسته‌قینه‌مان بۆ دوژمن ده‌بێت

حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا
حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا

ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، وه‌ڵامیان بۆ ئیسرائیل له‌ به‌رانبه‌ر كوژرانی یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی حزبه‌كه‌ی، یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌ و به‌م زووانه‌ ده‌بێت.

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، 1ـی ئابی 2024، حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی له‌ گوتارێكی تۆماركراودا له‌ میانی ڕێوڕه‌سمی ناشتنی ته‌رمی فواد شوکر (حاج موحسین) سەرکردەی دیاریی حزبه‌كه‌ی، دووپاتی كرده‌وه‌، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بۆ ئیسرائیل یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌ و به‌م زووانه‌ ده‌بێت. گوتیشی، "وه‌ڵامی ڕاسته‌قینه‌مان‌ ده‌بێت نه‌ك وه‌كوو هه‌ندێك پێیان وایه‌ ته‌نیا ڕووكه‌ش ده‌بێت."

حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئیسرائیل ده‌بێت چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامێكی توند بێت كه‌ ئه‌م وه‌ڵامه‌ هیچ دوودڵی و مشتومڕێك هه‌ڵناگرێت. گوتیشی "له‌ نێوان ئێمه‌ و ئێوه‌دا، شه‌و و ڕۆژ و گۆڕه‌پانی جه‌نگ هه‌یه‌."

ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی باسی له‌وه‌ش كرد، دوژمنه‌كه‌یان نازانێت له‌ كوێوه‌ وه‌ڵامیان بۆیان ده‌بێت، ئاخۆ له‌ باكووری فه‌ڵه‌ستین ده‌بێت یان له‌ باشوورییه‌وه‌، یانیش له‌ یه‌ك كات و پچڕ پچڕ ده‌بێت."

حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا گوتیشی، چوونه‌ته‌ ناو قۆناغێكی نوێی و فشاره‌كان له‌سه‌ر هه‌موو به‌ره‌كان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فه‌ڵه‌ستین خۆی ڕاده‌ست بكات، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌رگیز ڕوو نادات.

نه‌سروڵڵا ڕووه‌ و ئیسرائیل گوتی: "ئێوە نازانن کام هێڵی سوورتان بەزاندووە! ئێمه‌ له‌ هه‌موو به‌ره‌كانی به‌رگرییه‌وه‌ پێمان ناوه‌ته‌وه‌ قۆناغێكی نوێ و هه‌مه‌جۆر، كه‌ دوژمن ده‌بێت چاوه‌ڕوانی تۆڵه‌ی شه‌ره‌فمه‌ندانی گه‌ل و خوێنی شه‌هیده‌كانی بكات."

چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024، حزبوڵڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، شه‌وی سێشەممە 30ـی ته‌ممووزی 2024، ئیسرائیل هێرشی کرده‌ سەر گەڕەکی باشووری بەیرووت و باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون و یەکێک لە سەرکردەکانی به‌ ناوی  فواد شوکر (حەج موحسن) کردە ئامانج و بووە هۆی کوژارنی ژمارەیەک هاووڵاتی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە و وێران بوونی باڵەخانەکەش.

لە لای خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل دوێنێ ڕایگەیاند: ئامانجی هێرشەکەیان لە بەیرووت کوشتنی کەسی دووەمی حزبوڵڵا بووە بە ناوی فوئاد شوکر، کە ڕاوێژکاری سەربازی حەسەن نەسروڵڵایە و بەرپرسی یەکەمی چەندان هێرش بووە بۆ سەر ئیسرائیل کە دوایینیان هێرشەکەی مەجدەل شەمس لە بەرزاییەکانی جۆلان بووە.

هاوکات مێدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان كرده‌وه‌، دوای هێرشەکەی باشووری بەیرووت، سوپای ئیسرائیل خراوەتە ئامادەباشییەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێکی وەڵامدانەوەی حزبوڵڵا بۆ ئەو هێرشە.

بەهۆی پەرەسەندنە نوێیەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی، چەند ڕۆژێکە وڵاتانی ئەمەریکا و ئەورووپا داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن بە زووترین کات لوبنان جێ بهێڵن یان ئامادەکاری بکەن بۆ مانەوە بۆ کاتێکی زۆر لە شوێنەکانی خۆیان.