تەرمی کۆچبەرەکان گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر
K24 - هەولێر:
تەرمی 13 سەرنشینی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتالیا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە هەولێر و سبەینێ ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێنەوە.
لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم شەو تەرمی 13 کۆچبەری کورد کە 8ـیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و 5ـی دیکەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە هەولێر.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەر تەرمێک لەناو شاری هەولێر ئەگەر خانەوادەکەی شوێنی تایبەتی خۆیان نەبێت بۆ ناشتنی، ئێمە لە گۆڕستانی ڕۆژهەڵات شوێنیان بۆ دابین دەکەین.
جێگری پارێزگاری هەولێر، دەڵێت: ژمارەیەک ئەمبوڵانس لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە بۆ گواستنەوەی تەرمەکان دابین کراون، ئەم شەو تەرمەکان لە پزیشکی دادی هەولێر دەهێڵدرێنەوە و سبەینێ ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێنەوە.
هاوکات گوتیشی: تەرمی کۆچبەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە ڕێگەی ئەمبوڵانسەوە دەگوازرێنەوە بۆ سەر سنووری ئێران و لەوێدا ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێنەوە.
ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.
دوای تێکشکانی بەلەمەکە کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا لە ناوچە لامپێدوسا، هەر زوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی کرد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی راسپارد کارئاسانی بۆ هێنانەوە تەرمی قوربانییانی تێکشانی یەختەکە بکەن و بەدواداچوونیش بۆ بێسەروشوێنان بکەن.