هێمن میرانی: بە هەماهەنگی کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر تەرمی قوربانییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبرێنەوە زێدی خۆیان
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەموو تەرمی قوربانییان دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی کراوە بۆ ئاسانکاریکردن بۆ کەسوکاری قوربانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ بردنەوەی تەرمەکان بۆ زێدی خۆیان.
2ـی ئابی 2024، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە پشکنین و بەدواداچوون بەردەوامن بۆ ناسینەوەی تەرمەکان و گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان و لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تەرمی هەموو قوربانییەکان دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان
هێمن میرانی گوتی: لە دوای ڕووداوەکەوە هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێل بوونە بۆ ئەوەی چی پێویست بکرێت بۆ هاوکاریکردنی کەسوکاری قوربانییەکان و ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان.
لەبارەی ئەو قوربانییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەسوکارەکەی داوایان کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییان بکات بۆ گەڕانەوەی تەرمەکان و ناشتنیان لە زێدی خۆیان، هێمن میرانی ئاشکرای کرد، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و کەسوکاری قوربانییەکان دەتوانن لە سبەینێوە سەردانی کونسوڵخانە بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکان و بردنەوەی تەرمەکان.
هێمن میرانی گوتیشی: تاوەکوو سبەینێ تەرمی قوربانییەکان لە پزیشکی دادی هەولێر دەپارێزرێن و دوای تەواوکردنی مامەڵەکان لەلایەن کەسوکاریانەوە، هاوکاری دەکرێن بۆ گەڕانەوەی تەرمەکان بۆ زێدی خۆیان.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشکرد: پرۆسەی ناسینەوەی تەرمەکان کاری زۆری دەوێت و بەهۆی وەرگرتنی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کەسوکاری هەموو قوربانییەکان و ناسینەوەی ناسنامەی تەرمەکان کە ئەمە پرۆسەیەکی تەواو زانستییە و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری لەسەر دەکەن.
لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم شەو تەرمی 13 کۆچبەری کورد کە 8ـیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و 5ـی دیکەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە هەولێر.
ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.
دوای تێکشکانی بەلەمەکە کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا لە ناوچە لامپێدوسا، هەر زوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی کرد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی راسپارد کارئاسانی بۆ هێنانەوە تەرمی قوربانییانی تێکشانی یەختەکە بکەن و بەدواداچوونیش بۆ بێسەروشوێنان بکەن.
لەلایەن خۆیەوە، ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ڕایگەیاند: ئەم شەو تەرمی 13 کۆچبەری کورد دەگەڕیندرێنەوە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: تا ئێستا تەرمی 36 کۆچبەری بەلەمە نقومبووەکەی ئیتالیا دۆزراونەتەوە.