پێشڕەو عەبدوڵڵا: هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم نەبووایە تەرمی قوربانییەکان لە تاراوگە دەنێژران
K24 – هەولێر:
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا ئەگەر دەستوبردی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووایە، تەرمی کۆچبەرەکانی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتالیا، لە تاراوگە دەنێژران و جەختی کردەوە بەهۆی دۆخی سیاسیی و ئابووریی ئەورووپاوە، داهاتوویەکی باش چاوەڕێی پەنابەران ناکات.
2ـی ئابی 2024، پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد: جێگەی دڵخۆشی و سوپاسە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ هاتە سەر خەت بۆ هاوکاریکردنی کەسوکاری قوربانییان و گەڕانەوەی تەرمی کۆچبەرەکانی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتالیا بۆ هەرێمی کوردستان.
پێشڕەو عەبدوڵڵا باسی لەوەکرد، کۆچی نایاسایی مەترسیی زۆری بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان هەیە و بڕیارێکی هەڵەیە کە لە هەرێمی کوردستانەوە ڕێگەی مەترسی قاچاخ بەتایبەتی لە ڕێگەی دەریای سپی ناوەڕاست بۆ گەیشتن بە ئەورووپا دەگرنە بەر و باسی لە هەوڵێکی دیکەی قاچاخچییەکان کرد بۆ هاندانی هاووڵاتییان لە ڕێگەی وڵاتی توونسەوە بگەنە ئیتالیا و ئەمەشی بە مەترسی وەسف کرد و داوای کرد سنوورێک بۆ ئەو کارە دابنرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پێشڕەو عەبدوڵڵا جەختی کردەوە، بەهۆی دۆخی سیاسیی ئێستای وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و بەریتانیا داهاتوویەکی نادیار و خراپ چاوەڕێی پەنابەران دەکات و ڕێکار و یاساکەیان بەشێوەیەک توندکراون کە دەزگا ئەمنییەکان دەستکراوە کراون، بۆ دەستگیرکردن و بەندکردنی ئەو کەسانەی بەشێوەی نایاسایی ڕوو لەو وڵاتانە دەکەن.
ئەو نوێنەرەی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا ئاشکراشی کرد: ئێستا بەریتانیا کار لەسەر ئەوە دەکات پشت بە یاسای پەنجەمۆر ببەستێت و هەموو ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی ڕوو لە وڵاتەکەیان دەکەن، پەنجەمۆری کام وڵاتی یەکێتیی ئەورووپایان هەبێت، بۆ ئەو وڵاتە ڕەوانیان بکاتەوە.
هاوکات ڕوونیشی کردەوە: بەهۆی دۆخی ئابووریی وڵاتانی ئەورووپا، کار بۆ نەهێشتنی پرسی هاوکاری و سۆشیال دەکرێت کە بەشێک بوو لە هۆکاری ڕووکردنە وڵاتانی ئەورووپا لەلایەن کۆچبەرانەوە.
پێشڕەو عەبدوڵڵا باسی لە ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی کرد لە نێوان وڵاتانی تورکیا، بولگاریا و یۆنان بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی کۆچبەرانی نایاسایی بە ئەورووپا کە ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاشەوە پشتیوانی دەکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی لە تورکیاوە ڕوو لەو وڵاتانە دەکەن و لەلایەن خۆشیەوە تورکیا ڕاستەوخۆ ڕادەستی وڵاتەکانی خۆیان دەکاتەوە.
ەسەر ئەرکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم شەو تەرمی 13 کۆچبەری کورد کە 8ـیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و 5ـی دیکەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە هەولێر.
ڕۆژی (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.
دوای تێکشکانی بەلەمەکە کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا لە ناوچە لامپێدوسا، هەر زوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی کرد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی راسپارد کارئاسانی بۆ هێنانەوە تەرمی قوربانییانی تێکشانی یەختەکە بکەن و بەدواداچوونیش بۆ بێسەروشوێنان بکەن.
لەلایەن خۆیەوە، ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ڕایگەیاند: ئەم شەو تەرمی 13 کۆچبەری کورد دەگەڕیندرێنەوە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: تا ئێستا تەرمی 36 کۆچبەری بەلەمە نقومبووەکەی ئیتالیا دۆزراونەتەوە.