یانەی دهۆك راهێنەری نوێی دەستنیشان كرد

عەبدولڵا جەلال سەرۆك یانەی دهۆك لەگەڵ مەسعوود میراڵ راهێنەری نوێی یانەكە. 3 ئابی 2024. بارەگای یانەی دهۆك
عەبدولڵا جەلال سەرۆك یانەی دهۆك لەگەڵ مەسعوود میراڵ راهێنەری نوێی یانەكە. 3 ئابی 2024. بارەگای یانەی دهۆك

یانەی دهۆك لە ماوەی چوار كاتژمێری رابردوو، دوورخرانەوەی ئەحمەد خەلەفی لە راهێنەرایەتی یانەكە راگەیاند و بە فەرمی شوێنگرەوەكەشی دەستنیشان كرد.
ئەمڕۆ شەممە، 3 ئابی 2024، یانەی دهۆك لە بەیاننامەیەكی فەرمی رۆیشتنی ئەحمەد خەلەفی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەكە راگەیاند و سوپاسی ئەو راهێنەرە عەرەبەشی كرد كە توانی بلیتێكی یارییە نێودەوڵەتییەكان بۆ دهۆك دەستەبەر بكات.
دوای دوو كاتژمێر لە دوورخرانەوەی ئەو راهێنەرە، یانەی دهۆك مەسعوود میراڵی راهێنەری كوردی پێشووی یانەی دالكوردی وەكو راهێنەری نوێی هەڵۆیەكانی بادینان بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق دیاریی كرد.
مەسعوود مێرال تەمەنی 36 ساڵە، كوردی باكووری كوردستانە، پێشتر راهێنەری دالكوردە بووە و لە كۆی 16 یاری، 8 بردنەوە، 5 یەكسان و 3 دۆرانی هەبووە، وەرزی رابردووش یاریدەدەری راهێنەری یانەی وەسڵی ئیماراتی بووە، راهێنەری تیپی دووەمی یانەی ماڵمۆی سویدی بووە و ماوەیەكیش لە یانەی ئایاك سۆڵنیای سویدی یاریدەدەر بووە.
مەسعوود مێرال یەكەمین ئەزموونی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لەگەڵ یانەی دهۆك تاقی دەكاتەوە، بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 لە ناوەراستی ئەم مانگە ئەو راهێنەرە كوردە تیپەكەی كۆدەكاتەوە و ئامادەیان دەكات بۆ یەكەمین یاریی لە جامی نێودەوڵەتی كەنداو كە بڕیارە یارییەكان لە مانگی داهاتوو دەست پێ بكات.

.