ڕێزان حەمە ساڵح: هێشتا تەرمی دیکەی کۆچبەران ماون بدۆزرێنەوە

ڕێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا
ڕێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ئاشکرای دەکات، هێشتا تەرمی دیکەی کۆچبەرانی یەختە نقومبووەکەی ئیتاڵیا ماون بدۆزرێنەوە، دەشڵێت: لە ئیتاڵیاوە پشکنین بۆ تەرمەکان دەکرێت ، هەر کاتێک پشکینەکان تەوا بن، تەرمەکانی دیکەش دەدرێنەوە.

شەممە 3ـی ئابی 2024، ڕێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:  لە یەکەم رۆژی نقومبوونی یەختی کۆچبەرانی کورد لە ئیتاڵیا، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی چووینە هانای خەڵکەکەی ڕزگارییان ببوو، دەڵێت: لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا چووینە ئەو شارەی کۆچبەرە ڕزگاربووەکانی لێبوو کە دوورترین خاڵی شارەکەیە لە ئیتاڵیا، ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی قسەی ئەوانەی ڕزگارییان بوو، نزیکەی 40 تەرمی یەختە نقومبووەکە دۆزرانەوە، دەشڵێت: تەرمی دیکە ماون بدۆزرێنەوە، وەزارەتی ناوخۆ پشکنینی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان کردووە، ئێمەش داومانەتە حکوومەتی ئیتاڵیا، ئەوان کاریان لەسەر ئەو پشکنیانە کردووە و ئەو تەرمانەیان دایەوە کە پشکنینەکانیان دەرچووە، ئاشکرای دەکات: پشکنینەکانی دیکەش دئەنجامیان دەرچێت، بەپێی فەرمانی قازی تەرمەکانیان دەدرێتەوە.

ڕێزان حەمە ساڵح دەڵێت: کەس لەو ڕزگاربووانەی یەختە نقومبووەکە لە نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیا نەماوەتەوە، گوتی: لە ڕووی دەروونییەوە ڕزگاربووەکان حاڵییان خراپە، ئەوانەی لەوێ ماونەتەوە داوای مافی پەناهەندەییان کردووە، ڕەنگە حکوومەتی ئیتاڵیا مافی مرۆییان پێ بدات و چونکە دەڵێن، هاتووین ژیانێکی باشتر دابین بکەین.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم ڕۆژەوە بەدواداچوونی بۆ کارەساتەکە کرد و چەند کەسێکیش لەسەر ئەو ڕووداوە گیران، چەند کەسێکیش ماون دەستگیر نەکراون و ئینتەرپول بەدوایاندا دەگەڕێت.، دەڵێت:هاوکاریی هەموو ئەوانە دەکەین کە دەیانەوێت بەگەڕێنەوە کوردستان.