فوئاد حوسێن: ناوچەکە پێویستیی بە هەوڵێكی هەمەلایەنە بۆ دورخستنەوەی ئاگری جەنگ هەیە

فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق

وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن هۆشداریی لە بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا و ئاماژەی بەوە کرد کە تێڕوانینی یەکلاکردنەوەی ململانێکان بە جەنگ زاڵترە لە ناوچەکە لەگەڵ نەمانی ئاسایش کە کاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئارامیی جیهان دەکات، دووپاتی کردەوە بارودۆخەکە پێویستیی بە هەوڵی هەمەلایەنە هەیە بۆ دورخستنەوەی ئاگری جەنگ.

شەممە 3ـی ئابی 2024، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: زۆرینەی نەوەکانی عێراق بەدەست جەنگەوە ناڵاندوویانە، بۆیە ئێمە دژی هەموو جەنگێک دەوەستینەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەڕەشەکانی لەناوچەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنە پێشەوە بەرەو جەنگ دەچن.

وەزیریی دەرەوەی عێراق دەڵێت:ئەگەر جەنگ لە ناوچەکە ڕووبدات، بەمانای ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکە بوونی نامێنێت، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئارامی و ئاسایشی جیهان دەکات، دەشڵێت: ناوچەکە پڕ مەترسییە و لەژێ ئاگردایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموومان کار بۆ دوورخستنەوەی ئاگری جەنگ دەکەین لەبەر ئەوەی ئاسایشی عێراق پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەکە، گوتی: حکوومەت چەندین جار و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەوڵ بۆ ئەوە دەدات ئاگری جەنگ دوور بخاتەوە، ناوچەکەش پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنە هەیە کە ئەگەر جەنگ ڕوو بدات، زۆرینەی وڵاتان دەگرێتەوە.