خالیدە خەلیل: ئێزدییەکان لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی ڕزگار کران
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی بارەگای بارزانی، دەڵێت: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ ئێزدییەکان بەرچاو و دیارە. هەروەها بەهۆی گرووپە نایاساییەکانەوە ئێزدییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال.
خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ ئێزدییەکان بەرچاو و دیارە، هەروەها بەردەوام پشتیوانی لە ئێزدییەکان کردووە، لە ساڵی 2015 لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی شنگال ئازاد کرا و ئێزدییەکان لەسەر دەستی جەنابیان ڕزگار کران.
گوتەبێژی بارەگای بارزانی، دەڵێت: "بەداخەوە دوای ئازادکردنی شنگال قەزاکە کەوتە دەستی هەندێک لایەن کە بارودۆخەکەی ئێستە سەقامگیر نییە، هەر بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنی شنگالیان واژۆ کرد بۆ مەبەستی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکەکەی."
جەختی لەوە کردەوە، تا ئێستە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە و گرووپە نایاسییەکان، میلیشیاکان و پەکەکە لەوێدا ماون، کە بوونەتە ماییەی ئاستانەگی بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکەی بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
خالیدە خەلیل، گوتی: "هەندێک لایەن لە بەغدا هەن ڕێگری دەکەن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال، هەروەها ئێمە لەگەڵ ئەوەین خەڵکەکەی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، نەک وەک ئەوەی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە دەیانویست خەڵکی شنگال لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە زۆرەملێ بگەڕێننەوە شنگال."
هاوکات گوتیشی: سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هاوکاری خەڵکی شنگالیان کردووە و هەموو پێداویستییەکیان لە کەمپەکان بۆ دابین کردوون.
بەرەبەیانی 3ـی ئابی 2014، داعش هێرشی کردە سەر شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، بهشێكیان لە دەستی داعش ڕزگاریان بوو، ئەوانی دیكه بە ژن و منداڵ و پیاوەکان دەورووبەریان گیرا و دەستبەسەر کران، لە پرۆسەیەکدا، ژن و منداڵ و پیاوەکانیان لە یەکتر جیا کردەوە، ئەوانەی بەزۆر کرانە موسڵمان لە ژیان مانەوە، ئەوانەی ڕەتیان کردەوە به زۆرەملێ ببنە موسڵمان، کوژران و زیندەبەچاڵ کران.