ئاگر و لافاو چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان و تورکیایان گرتووەتەوە

ئاگرکەوتنەوە (وێنە IHA)
ئاگرکەوتنەوە (وێنە IHA)

گڕ و تینی ئاگر لەلایەک و لێزمەباران و لافاو لەلایەکی دیکەوە زیانی گەورەیان بە چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان و تورکیا گەیاندووە.

ئاگر لە پێنج ناوچەی مەلاتێی باکووری کوردستان کەوتەوە و بەهۆی ڕەشەباوە ئاگرەکە تەشەنەی کرد بەڵام بەهەوڵی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاوکاریی خەڵکی ناوچەکان، توانرا کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و ئاگرەکە بکوژێننەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 15 دۆنم له کێڵگه و باخەکانی سنووری شارۆچکەی ئاکچاداخ سووتاون.

هەر بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی هاتای و مێرسین و چەندین ناوچەی دیکە، زیانێکی گەورە بە دارستان و ژینگەی ناوچەکان گەیشتووە. لە هاتای بەهۆی فراوانیی ڕووبەری ئاگرکەوتنەوەکە و هەڵکەوتەی ناوچەکە دوای هەوڵێکی زۆر لە ئاسمان و زەوییەوە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و خەڵکی خۆبەش توانرا ئاگرەکان کۆنترۆڵ بکرێن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی دەزگای کەشناسی تورکیا، گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، وشکەساڵی و دابەزینی ئاوی بەنداوەکان لە هۆ سەرەکییەکانی ئاگرکەوتنەوەن.

بەگوێرەی دوایین زانیاری، %60 ئاستی بەنداوەکانی ئەستەنبوڵ دابەزیوە. هەروەها ڕێژەی ئاوی دەریاچەی وان لە باکووری کوردستان بەردەوام لە کەمبوونەوەیە. شارەزایان هۆشداری لە دۆخەکە دەدەن و دەڵێن: ئەگەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەردەوام بێت ئەوا  شارە گەورەکان ڕووبەڕووی کەمئاوی دەبنەوە.

لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک ناوچەی باکووری کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلە بارانێکی بەخوڕ و لافاو بوونەتەوە؛ لە سنووری پارێزگای ئاگری، لافاو زیانێکی زۆری بە ڕێگەوبان و کێڵگە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە.

هەر بەهۆی باران و لافاوەوە زیان بە چەند ناوچەیەک گەیشتووە و ڕێگەی سەرەکی ئەرزەڕۆم و ناوچەی دەریای ڕەش داخراوە، ئەمەش وای کردووە بە درێژایی ڕێگەکە ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگر و ئۆتۆمبیلی کەسی لە ڕێگەی نێوان هەردوو شارەکە بمێننەوە.