کۆمیسیۆن تیروپشک بۆ لیست و کاندیدە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات
K24 – هەولێر:
وابڕیارە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ لیست و کاندیدە بەشداربووەکانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.
لەلایەن خۆیەوە، خهلیل غازى، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕۆژی یەکشەممە 11ـی ئابی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشک بۆ لیست و کاندیدە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد: ڕۆژی 12ـی ئابی 2024، ڕاهێنان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بتوانێت کۆنترۆڵی هەر کێشەیەکی کارگێڕی و تەکنیکی بکات کە پەیوەستن بە سیستم و ئامێرەکانی دەنگدان لە ڕۆژی هەڵبژاردن.
خەلیل غازی باسی لەوەشکرد: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق باسیان لە چارەکردنی کێشەی ئەو دەنگدەرانەش کرد کە کارتی بایۆمەترییان هەیە و پەنجەمۆریان ناخوێنێنتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لێژنەیەکی بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئادەکارییەکانی هەڵبژاردن بەردەوامن و نیوەی دووەمی مانگی ئەیلوول بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ دەکات.
ڕۆژی (26ـی حوزەیرانی 2024) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی (20ـی تشرینی یەکەمی 2024) بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە.
ڕۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری دا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسیی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.
هەروەها ڕۆژی (21ـی ئایاری 2024) دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بەپێی دەقی بڕیارەکە کە ڕۆژی (20ـی ئایاری 2024) دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن: پارێزگای هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان)، پارێزگای سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان) و پارێزگای دهۆک: (یەک کورسیی بۆ کریستیانەکان).